سلێمانی، ڕۆژی جیهانی منداڵان بە چالاکی یاری و گۆرانی پیرۆز کرا
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان، لە سلێمانی بەچەند چالاکییەن یادەکەیان پیرۆزکرد.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، لە لایەن ڕیکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک و کۆمەڵەی هێڤی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان، بە چەند چالاکییەک یادەکەیان پیرۆز کرد.
ئالا کامەران، لەیادەکەدا سەرەتا بەیاننامەیەکی خوێندەوە، ئاماژەی بەوەکرد، مافەکانی منداڵان کە پرشنگی مانەوەی داهاتوو، ئێستای نیشتمانن، ڕێکخراوی ڕژاک، هەمیشە منداڵان وەکو خۆرێکی درەوشاوە دەبینن کە وزە دەبەخشێت بەژیان و هەبوونی گەلەکەمان.
بانۆ هەڵەبجەی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی منداڵان وتی: منداڵانی کوردستان لە ئێستادا لەبارودۆخێکی نا تەندرووست و دەروون نائارامن، چونکە زۆرێک لە منداڵان بەهۆی نەبووی مووچە و ڕووخانی ژێرخانی ئابوی وڵات ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پێشێلکاری بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی منداڵان لەسەر شەقامەکان بژێوی بۆ خێزانەکانیان دابین بکەن، کە بەپێی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان نایاساییە و ڕێگە پێنەدراوە.
لەکۆتاییدا پیڕۆزبایی خۆی ئاڕاستەی مندڵانی کوردستان کرد، هەروەها منداڵان بە هەڵپەڕکێ و چەند گۆرانی و چالاکیەک پیرۆزبایی خۆیان لەڕۆژی جیهانی منداڵانی جیهان کرد و هیوایان خواست مافەکانیان دەستەبەر ببێت.
لەساڵی ۱۹٥٤ دا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لەسەرجەم دەوڵەتانی جیهان کرد، ڕۆژێک دەستنیشان بکەن بۆ ڕۆژی منداڵان، زۆرێک لەوڵاتانی جیهان و یەکێتی سۆڤێنی جاران بەرواری ١ی حوزەیرانیان دەست نیشان کرد بۆ ڕۆژی جیهانی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان.