گەڕانەوەی ئاوارەکان لە كامپەكانی سنوورى دهۆک بۆ شەنگال بەردەوامە
بە پێی بڵاوکراوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەزار و ٨٤١ ئاوارەی دانیشتووى كامپەكانی سنووری پارێزگاى دهۆک بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕێندرانەوە بۆ شەنگال.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی گەڕانەوەی نزیکەى دوو هەزار ئاوارە بۆ زێدی خۆیان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکراوە لە چوارچێوەی بڕیارەكانی سەرۆک وەزیران بە مەبەستى كۆتایهێنان بە دۆسێیەى كامپەكان و داخستنیان، هەزار و ٨٤١ ئاوارەی دانیشتووى كامپەكانی كابەرتۆی یەک و دوو لە سنووری پارێزگاى دهۆک بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕێندرانەوە بۆ شەنگال.
بە هاوكاری ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی پارێزگاكانی دهۆک و نەینەوا پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەكان و كەلوپەلەكانیان ئەنجامدراوە.
باس لەوەکرا ئەو ئاوارانەى، كە گەڕاونەتەوە هاوكاری داراییان بەبڕی چوار ملیۆن دینار پێدراوە و كەرەستەی ناو ماڵیشیان بۆ دابینكراوە، پێشتر ئیڤان فایەق وەزیر كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، تا كۆتایی ئەم مانگە سەرجەم كامپەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دادەخرێت، هەروەها تا كۆتایی مانگی تەمووز سەرجەم كامپەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەخرێن.