لە ڕۆژی خاوەن پێداویستی تایبەت، کۆمەڵەی ڕۆژ چەند چالاکییەکی ئەنجامدا

کۆمەڵەی ڕۆژ کە تایبەتە بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لە ڕۆژی خاوەن پێداویستی تایبەت بە چەند چالاکیەکی وەک شانۆگەری و وێنەکێشان، یادی ئەو ڕۆژەیان کردەوە و توانای خاوەن پێداویستییەکانیان دەرخست.

سلێمانی

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕۆژ لەشاری سلێمانی، بۆ ڕۆژی ٣ی کانوونی یەکەم، کە بەڕۆژی خاوەن پێداویستی تایبەت دادەنرێت، کۆمەڵەی ڕۆژ چەندین کار و چالاکی هونەریان  بە مەبەستی یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە و دەرخستنی توانای خاوەن پێداویستییەکان ئەنجامدا.

 

لە ڕۆژی ٣ی کانونی یەکەم کە بەڕۆژی خاوەن پێداویستی تایبەت داندراوە، کۆمەڵەی ڕۆژ چەند چالاکییەکی ئەنجامدا وەک  نمایشکردنی پێشانگایەک و ئەنجامدانی شانۆگەریەک بە ناوی ' ماسکی ئاوێنە شکاوەکان' ناوەڕۆکی شانۆکە باس لە ئەقڵیەتی دواکەوتوی کۆمەڵگە و ئەودیوی دەرگایەکی داخراودەکات کە ژنێک مردوە نازاندرێت کوژراو یاخود خۆی کوشتووە، هەروەها لەکاتی گەڕان بەدوای نهێنیەکەدا ژنێکی دیکە دەکوژریت و چەندین نهێنی دیکە ئاشکرا دەبێت.

 

ئەڤین سابر، شێوەکار و ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕۆژ، وەک شێوەکار و شانۆکار تیایدا نزیکەی ١٢ تابلۆی نمایشکرد، تابلۆکانی گوزارشتی لە ئازار و سەختی ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرد، لەگەڵ ئەمانەشدا تابلۆی سروشت و گوڵی کێشابوو، ئەڤین سابر، پیرۆزبای خۆی ئاراستەی هەموو خاوەن پێداویستی تایبەتەکان کرد و وتی: تابلۆکانم لە کۆمەڵێک کەسایەتی پێکهاتووە، باس لە توانای خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات کە دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بۆستن و ئەو خەونەی لەژیانیاندا هەیانە هەمیشە هەوڵی بۆبدەن و شەرم لە خۆیان نەکەن و تواناکانیان بەرەوپێش ببەن.

 

لە کۆتایدا وتی: مادەم ئەمڕۆ ڕۆژی ئێمەیە و پێیدەوترێ ڕۆژی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێویستە بیسەلمێنین خاوەنپێداویستی تایبەت بە جەستە نییە بە ئەقڵە و دەتوانین خۆمان بەرەوپێش ببەین.