ڕوکەن جەمال: ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەردەوام پێویستییەک بوو
ڕوکەن جەمال، وتەبێژی پەیوەندییەکانی یەپەژە، هەڵسەنگاندنی بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەردەوام کرد و وتی: لەکاتێکدا کە جیهان سەرقاڵی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ناوچەکە داڕێژراوە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەردەوام پێویست بوو.
سۆرگول شێخۆ
حەسەکە- ئۆپراسیۆنی ئەمنیی بەردەوام، کە لە ٦ی ئەم مانگەوە دەستی پێکرد، لە سێیەم ڕۆژیدا بەردەوامە، ڕوکەن جەمال، وتەبێژی پەیوەندییەکانی یەپەژە سەبارەت بە دوو ڕۆژی ڕابردوو و ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە دوو ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەردەوامدا ٢٠٠ گوند بە ڕووبەوی ١٠٠ کم پاک کراوەتەوە، زیاتر لە ٥٠ چەتە و ئەندامی شانەکانیان دەستگیرکران. دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گیرا، هەروەها دەست بەسەر چەندین کەرەستەی تەکنیکی جیاوازدا گیرا بۆ هەواڵگری و کۆکردنەوەی زانیاری. بە تایبەت ڕۆژی دووەم ئەو تونێل و مۆڵگانەی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە ناوچە بیابانییەکان هەڵکەندراون، وێران کران.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری هۆل زۆر هاوکاری شەڕڤانانیان کرد، لەسەر ئەم بنەمایە زۆرێک لە ئەندامانی داعش کە چەندین گوند و ناوچەی بیابانی فراوانیان وەک بنکە بەکارهێنابوو دەستگیرکران. لەو شوێنانە چەتەکان هەڕەشەیان لە ژیانی خەڵک دەکرد و ماڵەکانیان تاڵان دەکرد و ڕێگایان لە ڕێبواران دەگرت و دزییان دزییان لێدەکردن، چەندین چەتە دەستگیر کران، چەتەکان خەڵکیان ناچار دەکرد یان ببنە ئەندامی خۆیان یان بیانکوژن.
پلانی هێرشکردنە سەر کامپ هۆل و زیندانەکانی داعش
ڕوکەن جەمال هۆشیاری دا کە داعش هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا وەک پاڵپشتی بەکاردەهێنێت و بەم شێوەیە خۆی بەهێزتر دەکات، وتیشی: بەهێزی داعش لە ناوچە بیابانەکان هۆکاری یەکەمی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایە لەسەر ناوچەکە، بەهۆی ئەوەی لەکاتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا هێزەکانمان بەرپرسیارن لە پاراستنی ناوچەکە، بۆیە پێویستە ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەهێزتر بکرێتەوە، پێویست بوو ئۆپەراسیۆنەکە دەستپێبکات چونکە داعش لەو ناوچانەوە کە ئۆپەراسیۆنی تیادا ئەنجام دەدرێت، هێرشی دەکردە سەر گەلەکەمان و خەڵکی دەکوشت.
چەتەکان پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر کامپی هۆل و زیندانەکانی داعش هەبووە. بۆیە زۆرێک لە هێرشەکانی ئەم ناوچەیە لەلایەن هێزەکانی قەسەدەوە تێکشکێندرا. جگە لەوەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەپەژە ڕێگری لە چالاکییە تایبەتەکانی چەتەکان کرا. ڕوکەن جەمال وتیشی: لەسەر بنەمای پاککردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی مانەوە و مەترسییەکانی داعش، ئۆپەراسیۆنەکەمان لە دەوروبەری گوندەکانی باشوور و باکووری هۆل لە ڕۆژانی سەرەتاوە دەستیپێکرد و سەرکەوتوو بوو، چونکە هەزاران لە هێزەکانی یەپەژە و قەسەدە، بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەشداری تیمە هەواڵگرییەکانی عێراق، هەموو ئامانجە هاوبەشەکان گیران، ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی پیشەیی و تایبەت ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک زیان بە کەس نەگەیەنێت.
"ئەمجارە ئۆپەراسیۆنەکە تەنها لە کەمپی هۆلدا سنوردار نییە"
ڕوکەن جەمال لەبارەی گرنگی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە لەم کاتەدا ڕایگەیاند: "جیهان سەرقاڵی شەڕەکانە لە زۆر شوێنی جیاوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێرەدا باس لە دیزاینی نوێی ناوچەکە دەکەین. بەتایبەت هەرێمەکەمان لەم پلانەدا جێگیرکراوە و ئەمەش لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا دیارە، ئێستا جیهان لەگەڵ شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەجەنگێت و ئەمەش بووەتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی داعش جارێکی دیکە چالاک بێت و ئەم پرۆسەیە بۆ خۆی بەدەست بهێنیت و بتوانێت خۆی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی خێزانەکان لە کەمپی هۆل و ئەو زیندانانەی کە چەتەکانیان تیایە، بۆیە ئەمجارەیان ئۆپەراسیۆنەکەمان لە کەمپی هۆلدا سنووردار نەکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گوندەکانی باشوور و باکووری کەمپی هۆلمان پاککردەوە. بۆیە پێویستی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەردەوام دۆزرایەوە.
"گەڕان بە دوای ژنانی ئێزدی بەردەوامە"
ڕوکەن جەمال باسی لە ڕۆڵی یەپەژە کرد لە ئۆپەراسیۆنەکە و گەڕان و ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی، لە کۆتایدا وتی: یەپەژە لە هەموو بەرەکانی ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشێوەیەکی کارا بەشدارە. بە گرنگیدان بە هەموو ئەو خێزان و ژنانەی کە لە شارەکان دوورن و ڕەنگە ئێمە نەناسن، بەڵام یەپەژە ڕۆڵێکی چالاک و پێشەنگی گێڕا لەم ئۆپەراسیۆنەدا، شەڕڤانانمان لە جووڵەدان ئەرکی سەرەکیمان گەڕان و ڕزگارکردنە لە هەر شوێنێک بێت، ئێمە ئێزدییەکان ڕزگار دەکەین و دەیانگەڕێنینەوە بۆ شەنگال، هەمیشەش ڕۆڵی پێشەنگی بەرگری دەگێڕین بە شێوەیەکی پیشەیی و هەستیار. هەموو هەوڵەکان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتەوە دەشکێنین.