یەڵدا ئەحمەد: خەبات چارەسەری دەردی ستەمی تاڵیبانە

یەڵدا ئەحمەد، چالاکوانی مافی مرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی ڕاستەقینە چارەسەری ئازارە، تاڵیبان لە دەنگی ژنان دەترسێت کە گوزارشت لە هۆشیاری و کەرامەت و یاخیبوون دەکات.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان- لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تاڵیبان جارێکی دیکە تیرۆری بڵاوکردەوە و ژنانی بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کابول دەستگیرکرد و گواستنیەوە بۆ شوێنی نادیار، حیساباتی نائارامکەر دەرکەوتووە کە ئەو کچانە لەبەردەم خێزانەکانیاندا دەبرێن و چارەنووسیان نادیارە.

 

بیانووی تاڵیبان بۆ ئەم دەستگیرکردنانە، لەبەرنەکردنی جلی ئیسلامی دروست بووە، بەڵام زۆربەی ئەو کچانەی کە بردران، جل و بەرگی پابەندی تاڵیبانیان لەبەردا بوو، شایەتحاڵەکان وتیان: کۆمەڵێک ژن خەریکی وەرگێڕانی فیلمێک بوون، کاتێک تاڵیبان ئەمەی بۆ دەرکەوت، هەڵمەتی دەستگیرکردنیان دەستپێکرد.

 

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیکەی ١٠٠ ژن لە شەقامەکان دەستگیرکراون، هەندێکیان بە کەفالەت یان لە بەرامبەر پارەدا ئازاد کراون، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی زۆرینە نییە.

 

ئەو ژنانەی پێشتر لە زیندانەکانی تاڵیبان ئازادکراون، تەنانەت ئەگەر بەهۆی نەپۆشینی باڵاپۆشییەوە دەستگیرکرابن، باسێکی دڵتەزێنیان لەبارەی دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسی و لێدانی توند و ڕووتی بەزۆرەوە کردووە، تەنانەت تاڵیبان گرتە ڤیدیۆیی و وێنەی گرتوون بۆ ئەوەی ناچاریان بکات بێدەنگ بن و ئەو تاوانانە ئاشکرا نەکەن کە لە ناو زینداندا تووشی بوون.

 

بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی هەندێک وڵات کە بەدەست بەڵای توندڕەوی ئیسلامی و ژنکوژییەوە دەناڵێنێت، چیرۆکی هاوشێوەی ئەو چیرۆکانە دەبینین کە ژنان لە ئەفغانستان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا تووشی بوون، بەداخەوە ڕژێمی ئێران یەکێک لەو نموونانەیە لە سەرەتای دەسەڵاتی تاڵیبان، ئێران و تاڵیبان خۆیان بە مۆدێل بۆ یەکتر ڕاگەیاند، بەڕاستی ئەوان هاوپەیمانن لە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و ژنکوژیدا.

 

یەڵدا ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونناس و چالاکوانی مافی مرۆڤ توڕەیی و بێزاری خۆی لە پراکتیزەکردنی تاڵیبان بەرامبەر بە ژنان دەربڕی، خەبات چارەسەری ئازارە، لە سەرەتای دەسەڵاتی تاڵیبانەوە لە ئەفغانستانەوە ژنان بوونتە قوربانی یەکەمیان، لەلایەک خوێندنگە و زانکۆکانیان داخست، کارکردنی ژنانیان قەدەغە کرد، ئارایشتگاکانی جوانکارییان داخست، هەروەها چوونە ناو پارک و شوێنی کات بەسەربردنەکانی ژنانیان قەدەغە کرد، لە لایەکی دیکەشەوە فەرمانی دەسەڵاتخوازانە و دوژمنکارانەیان دەرکرد کە بە دەنگی ژنان و بوونیان تاوانە و ڕایگەیاند کە ژنان ڕێگەیان پێنادرێت بەبێ باڵاپۆشی زۆرەملێ و بەڕێوبەری یاسایی لە ماڵەکانیان دەربچن.

 

"تاڵیبان لە خەبات و خۆڕاگری گەلی ئەفغانستان بە تایبەت ژنان دەترسێت"

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ژنان لەلایەن وەزارەتی تاڵیبانەوە بۆ بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری، وتی: لەم ڕۆژانەدا ئەندامانی تاڵیبان لە ناوچە جیاجیاکانی کابول بەتایبەت ڕۆژئاوای شارەکە ژنان دەستگیردەکەن، هەرچەندە زۆربەیان ئەو باڵاپۆشییە زۆرەملێیەی تاڵیبانیان لەبەردا بووە، تۆمەتی دژیان لە لەبەرکردنی نادروستی باڵاپۆشیدایە، هەموومان دەزانین کە تاڵیبان لە خەبات و خۆڕاگری گەلی ئەفغانستان بە تایبەت ژنان دەترسێت و لە ڕێگەی ئەم ڕێوشوێنانەوە هەوڵ دەدەن تیرۆر و ترس لە نێو ژناندا بڵاوبکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەردەوامبوونیان لە خەباتەکانیان بکەن.

 

یەڵدا ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک ژنێکی ئەفغانی باوەڕم بە بوێری و خۆڕاگری ژنانی وڵاتەکەم هەیە مێژوو ئەمەی سەلماندووە، بەتایبەتی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ژنانی ئەفغانستان بە نهێنی و چ بە ئاشکرا سەرەڕای زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی و تەنانەت مردنیش، خەباتیان کردووە، ژنە هۆشیارەکانی ئەفغانستان پێیان وایە ڕزگاربوون لە نادادپەروەری و ستەمی تاڵیبان و ئەوانی تر، ڕزگاربوونە لە تاوانەکانی میرنشینی خوێن و تیرۆر، تەنیا بە خەبات و خۆڕاگرییەوە ئەو کارەیان کردووە، چونکە خەبات چارەسەری ئازارە.