ئایتن کاپلان: ساکینە جانسز هێمای ئازادییە
ئایتن کاپلان، وتەبێژی تەژەکە-ئە ڕایگەیاند، میراسی ساکینە جانسز بۆ تەڤگەری ژنانی کورد تاجی سەرکەوتنی لەسەر دادەنرێت و ساکینە جانسز هێمای ئازادییە.
ئاخین بەهار
ناوەندی هەواڵ-ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، ساکینە جانسز "سارا"، پێشەنگ و دامەزرێنەری پەکەکەو فیدان دۆغان "ڕۆژبین" نوێنەری کەنەکە لە پاریس لەیلا شایلەمەز "ڕۆناهی"، ئەندامی تەڤگەری گەنجانی کوردی ئەوروپا لە پایتەختی فەڕەنسا. لەلایەن هەواڵگری دەوڵەتی تورکیاوە شەهید کران، ساڵانێک بەسەر کوشتنی سێ ژنی دیاری کورد تێدەپەڕێت، بەڵام توڕەیی ژنانی کورد لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە هاوشێوەی یەکەم ڕۆژ بەردەوامە.
ساکینە جانسز، یەکێک لەو سێ ژنە پێشەنگانەی کە شەهید کران، بە درێژایی تەمەنی لە مەیدانی خەبات و بەرخۆدان، ئیلهامبەخش بوو بۆ ژنانی کورد، بەهۆی ئەوەوە، بە بەرخۆدان لە زیندانی ئامەد ژمارە ٥ کە لەناو ١٠ خراپترین زیندانەکانی جیهاندایە، هێزی بە هەموو ژنان بەخشی، ساکینە جانسز، کە هەمیشە لە "شەڕ"دا بوو لەگەڵ ئەو سیستمەدا، دوای شەهیدبوونی میراسێکی گەورەی بۆ ژنانی کورد بەجێهێشت.
ئایتن کاپلان، وتەبێژی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا "تەژەکە-ئە" ڕایگەیاند، خەباتی ساکینە جانسز لە لایەن ژنانی کورد و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی درێژەی پێدراوە.
سەرنجی بۆ سیاسەتەکانی دژ بە پێشەنگەکانی تەڤگەری ژنان ڕاکێشا و ڕایگەیاند،هۆشیارییەک هەیە کە دەیەوێت ڕێگری لە ئیرادە و دەسەڵاتی ژنان بکات و بەمەش دەیانەوێت چٶک بە گەلی کورد دابدەن.
ئایتن کاپلان بەبیریهێنایەوە کە سێ ژن لە ناوەندی پاریس شەهید کران، دوای سێ ساڵ لە کوردستان، لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ سێڤێ دەمیر، فاتمە ئویار، پاکیزە نایر لە سلۆپی لە شرناخ کوژران و ئەویش بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: ژنان گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروست دەکەن، مێژوو، زمان، ناسنامەی خۆیان دەپارێزن، بۆ ئەمەش دەکرێنە ئامانج.
"ژنان سەرقاڵی نووسینی مێژووی خۆیانن"
ئایتن کاپلان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ژنان لە کۆمەڵگەدا هەندێک ڕۆڵی دیاریکراویان پێدەدرێت و کاتێک ژنان قبوڵیان ناکەن، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام چیتر ژنان نایانەوێت بچنە ناو ئەو ڕۆڵانەی کە پێیان دەدرێت، ژنان بوونی خۆیان دۆزیوەتەوە و خۆیان بەرەوپێش دەبەن، ئەوان لە دۆخێکی وادان کە ئێستا سەرقاڵی نووسینی مێژووی خۆیانن، هەر بۆیە هێرش دەکرێتە سەریان.
"ئیلهامبەخش بوو بۆ ژنانی کورد"
ئایتن کاپلان باسی لەوەشکرد، ساکینە جانسز، یەکێک لەو ژنانەی ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس شەهید کرا، ژنێک بوو لەناو کۆمەڵگەی ستەملێکراودا هەستا و وتی، ساکینە جانسز بە خەباتی خۆی ئیلهامبەخش بوو بۆ زۆرێک لە ژنانی کورد، بە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژیی کارێکی زۆری ببۆ تەڤگەری ژنانی کورد کرد، لە سایەی ئەم کارەدا میراسێکی بۆ بەجێهێشتین، چانسی ناسینی ساکینە جانسزم هەبوو، گفتوگۆمان کرد، بەڕاستی ژنە سیاسەتمەدارێکی پێشەنگ بووە.
"سمبولی ئیرادە و ئازادی ژنە"
ئایتن کاپلان باسی لەوە کرد کە ساکینە جانسز بە باوەڕی خۆی بە گۆڕانکاری تابووەکانی شکاند و هێمای ئازادی و ئیرادەی ژنانە، لە هەموو ڕوویەکەوە کاریگەری لەسەر پەرەپێدانی ئیرادەی ژنان هەیە، بێگومان ئەمانە ئەو شتانەن کە دەتوانین بەردەوام بین لە خەباتکردن بۆیان، لەم ڕووەوە دەمانەوێت میراسەکەی بپارێزین، ئەو یەکێکە لەو هاوڕێ ژنانەی کە زۆرترین کاریگەری لەسەرم بووە. بە تایبەتی سەرسام بووم بە هەڵوێست و خەبات و شەڕی، ئەم بوێرییەی هەبووم خەباتی ئەو لە دژی دوژمن نموونەیەکە.
"میراسی سێ هاوڕێ دەگوازینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو"
ئایتن کاپلان ڕایگەیاند کە بەم کۆمەڵکوژییە، دەیانویست پەیامێک بۆ ژنانی کورد بنێرن و وتی: هاوڕێ ساکینە ڕەمزی ئازادی ژنە. فیدان دۆغان بە ساڵانێک کاری خۆی، بوو بە دەنگی سیاسی و دیپلۆماسی گەلی کورد لە ئەوروپا، لەیلا پێشەنگی ئایندە بوو، پێشەنگی گەنجان بوو، ئەم سێ هاوڕێیەی ئێمە شەهید کران، سێ نەوە کرانە ئامانج. دەتەوێت پەیامێکمان پێ بدەیت؟ تەڤگەری ژنانی کوردیش دژایەتی ئەم پەیامەی کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێمەش بکوژن یان بمانگرن، ژنان خاوەن ئیرادەی خۆیانن، ئەو میراسە کە سێ هاوڕێ بەجێیان هێشتووە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازینەوە، نەوەکانی داهاتوو ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز دەناسن، ئێمە میراسی هاوڕێکانمان دەپارێزین و سەرکەوتن بەدەست دەهێنین.
چالاکییەکان لە سەرانسەری ئەوروپا بەڕێوەدەچن
ئایتن کاپلان ڕایگەیاند کە وەک هەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا "رێپێوانی گەورە" لە سەرانسەری ئەوروپا ئەنجام دەدەن و لە کۆتاییدا وتی: بۆنە تایبەتەکان لە وڵاتانی سکاندیناڤیا و نەمسا بەڕێوەدەچن، هەروەها ئینگلتەرا لەبەرچاو دەگیرێت، لە وڵاتانی دیکەی فەرەنسا، هۆڵەندا، بەلجیکا، سویسرا و پاریس، چالاکیی هاوکات بەڕێوەدەچێت، بکوژەکان دیارن، بۆ چاوەڕێن؟" بێگومان لە ٩ی مانگی کانوونی دووەمدا تاجە گوڵینەی ڕەش لە کونسوڵخانەکانی فەرەنسا یان باڵیۆزخانەکانی فەرەنسا لە هەموو وڵاتان دادەنرێت، لە ١١ی کانوونی دووەم 'رێپێوانی گەورە' ئەنجام دەدەین.