ئایا ژنان بە ویستی خۆیان بەشداری هەڵبژاردن و دەنگدان دەكەن؟

لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لەڕێگەی سیمینارو کۆبوونەوە هۆشیاری لەو بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە، کانیاو بایز، ڕاهێنەر لە پرۆژەی هاندانی ژنان دەڵێت: ئەوەی خراپە پیاوان لەناو خێزان بڕیاردەدەن دەنگ بەکێ بدرێت.

شیا کۆیی

 

کۆیە- هەرچەند لەکاتی هەڵبژاردن و دەنگدان، ژنان دەیانەوێت مافی خۆیان بەدەستبهێنن، بەڵام لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا هەم کاندیدانی ژن بەربەستییان بۆ دروست دەکرێت و دوور دەخرێنەوە، هەم ژنانی دەنگدەر لەلان بنەماڵەوە بە تایبەت پیاوانی بنەماڵە ئاڕاستە دەکرێن کە دەنگ بەکێ دەدەن، ئەمەش بە تەواوی ژنان لە مافی هەڵبژاردن و دەنگدان دوور دەخاتەوە.

 

لە شاری كۆیە سمینارێك بۆ هاندانی  ژنان بەڕێوەچوو بۆ بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، كە بریارە  مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، سمینارەكە بەشێكە لە پرۆژەی هاندانی ژنان  بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، لەلایەن ڕێكخراوی "رۆزا بۆ پاراستنی ئافرەت و ژینگە" ڕێکخرابوو، ئامانجی پرۆژەكە  زیادکردنی بەشداری ژنانە له پرۆسه ی هەڵبژاردن بۆساڵی ۲۰۲۵، خولەكانمان  له پارێزگای هه ولێر و قه زای كۆیە و شەقلاوه و ئیداره ی سه ربه خوی سوران وچەندین شوێنی دیكە و  ژماره ی سوودمه ندانی پروژه ٥٥٠ كه سە له ژنانی ده نگده ر و کاندیدی ژن و به شداربووانى سەكۆيه كانە .

 

كانیاو بایز، راهێنەر لە پرۆژەكە وتی : ڕێكخراوی رۆژا لەگەڵ كۆمەڵێك ڕێكخراوی دیكەی نێودەوڵەتی پرۆژەی هاندانی ژنان  بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دەبەن، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نزیك بۆتەوە كە ١١ی تشرینی دووەم دەبێت، سمینارەكانمان تایبەت دەبێت بە هاندانی ژنان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و بە ئازادانەم کە بچنە سەرسندوقی دەنگدان و بۆ دەستەبەر كردنی مافەكانیان، ئەو سمینارانە لە زۆربەی شارو شارۆچكەكان دەكەینەوە ویستمان ژنانی زۆر بەشداربن نەك تەنیا ژنانی شارە گەورەكان بەشداری سمینارەكان بكەن، بۆیە جەختمان لەسەر شوێنە دوورە دەستەكانە.

 

"ئەوەی خراپە پیاوان لەناو خێزان بڕیار دەدەن دەنگ بەکێ بدرێت"

 كانیاو بایز وتیشی بەهۆی ئەوەی  زۆربەی كات ژنان ناتوانن بە شێوەیەكی درووست بچنە سەر سندوقەكانی دەنگ دان بەهۆی دابونەریتی كۆمەڵایەتی بێت یان لەلایەن خاوەن قسەی عەشیرەتەكەیان بریارەكان دەچسپێنن كە كام كاندید  دەست نیشان بكەن بۆ دەنگدان، ژنەكان ناتوانن بە ویستی خۆیان كەسێك هەڵبژێرن بۆ دەنگ پێدانی، بۆیە ئامانجی ئێمە ئەوەیە گۆرانكاری بكەین لەوەدا و   ژنان خۆیان خاوەن بریاری خۆیان بن، ژنان هۆشیارببنەوە لە رۆژی دەنگدان ئازادانە بچن دەنگ بدەن.

 

سەبارەت بە سیستەمی كۆتا کانیاو بایز وتی: سیستەمی كۆتا ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە بیركردنەوەی كۆمەڵگا نەگەیشتوە بەوەی كە تواناكانی ژنان هەمان هەڵسەنگاندنی توانای پیاوانی بۆبكرێت ولەهەمان ئاست ببینرێت، و گرنگی بونی ژن بەهەمان شێوەی پیاو سەیر بكرێت، لەوانەش خراپتر  گەورەی خێزان كە ئەویش پیاوە بریار دەدات دەنگ بەكێ بدرێت بۆیە ژن گەر بشرواتە سەر سندوقی دەنگ دان خاوەن بریاری بژاردەی خۆی نییە.

 

كۆمسیۆن دەتوانێت چی بكات تا ئازادیەكانی ژنان پارێز راو بێت لە كاتی هەڵبژارندا؟

كانیاو بایز ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر كۆمسیۆن  ڕێکارە یاساییەكان بگرێتەبەر بەوەی هەرتاكێك خۆی بچێتە سە رسندوقی دەنگدان و دەنگ بدات بەوە هەندێ فشار لەسەر ژنەكان لادەچێت بەڵام دیسان كۆمەڵگاو داب ونەریتەكان باڵادەستن، بەڵام كۆمسیۆن ریكارەكان بگرتە بەر و  دەتوانرێت ئەوانە بە هۆشیاركردنەوەی خەڵكی بكرێت و پاڵپشتی كردن و كار ئاسانی بۆ ئەو ریكخراوانەی لەم بارەوە ئیش دەكەن كۆمسیۆن هاواكاریان بێت، لە كۆتاییدا هیوادارم ژنان ئەو هەلەی چوار ساڵ جارێك دێتە پیش بۆ بەشداری كردن  لە گۆرانگاری لەدەسەڵات و دەستاودەستكردنی ژنان بەشداربن و خاوەن بریاری ئەو گۆرانگكاریەبن .

 

" ئەگەر ژنان خاوەن دەنگی خۆیان بن و پالپشتی ژنان بن سیستەمی كۆتاش نامێنێت"

سۆزان حەمە سەعید، ڕاگەیاندكار لە كۆیە وتی: ئەم  سیمیناەو بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنانە بۆ ئەوەی چۆن بتوانن نوێنەری خۆیان دیاری بكەن لە هەڵبژاردنەكان، ئایا پێویستە ژنان كێ هەڵبژێرن تا نوێنەری راستەقینەی خۆی بێت تا ژنان بە شێك بن لە بریارە چارەنووس سازەكان تا مافەكان بەدەستبهێنن، بۆیە ئەو جۆرە خولانە گرنگە تا ژنان بتوانن كەسی شیاوی خۆیان هەڵبژێرن و بینێرن بۆ پەرلەمانی عێراق تا داكۆكۆكی كاری مافەكانی بێت، تا ئەو یاسایانەی دژی ژنانە نەتوانرێت بە ئاسانی تێپەڕێنرێت، هاوکات ئەگەر ژنان خاوەن دەنگی خۆیان بن و پالپشتی ژنان بن سیستەمی كۆتاش نامێنێت، ژنانیش وەک پیاوان دەچنە ناو پەرلەمانەوە.