ئایە ئیقبال؛ ٢٪ی چاوەکانی دەبینێت و نمرەیەکی باشی لە ئامادەیی بەدەستهێنا
ئایە ئیقبال، ئەو خوێندکارە بەئیرادەیەی کە توانی لە پۆلی ١٢ نمرەیەکی باش بەدەستبهێنێت هەرچەندە ٢٪ی چاوەکانی توانای بینینی هەیە، بەڵام کۆڵی نەداو توانی سەرکەوێت.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- لە هەرێمی کوردستان ئامارێکی فەرمی دروست لەبەردەستدا نییە کە ڕێژەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت نیشانبدات، ئەمەش وایکردووە کە لێکۆڵینەوەی پزیشکی و ڕێگەچارەسەری بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکان نەگیرێتەبەر، هەندێک لە حاڵەتەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت، زگماکییە و لە سکی دایکەوە تووشی منداڵ دەبێت، هەندێکی دیکەیان لە کاتی لەدایکبوون و دوای ئەوە ڕووبەڕووی منداڵ دەبێتەوە، لە هەڵەبجەش منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەک شارەکانی دیکەی هەرێم گرفتیان هەیە، بەڵام لەلایەن هەندێک ڕێکخراوی و بنەماڵەوە گرنگی تایبەتیان پێ دەدرێت و لەو ڕێگەیەوە دەتوانن بەردەوام بن لە خوێندن.
ئایە ئیقبال دانیشتووی پاریزگای هەڵەبجەیە، هەر لەتەمەنی منداڵیەوە بەهۆی ئەوەی تەنها ٢٪ی چاوەکانی کاری کردووە، لە خوێندن زەحمەتی بۆ دروست بووەو بە قورسی تەواوی کردووە، بەڵام ئایە کۆڵی نەداوە ، بەهاوکاری خێزان و کەسو کارەکەی توانیویانە بەردەوام بێت لە خویندن و لەکۆتا ساڵی خوێندنی ئامادەیی توانی نمرەی ٨١.٤ بەدەستبهێنێت، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: من ناوم ئایە ئیقبالەو لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی توانیم نمرەیەکی باش بەدەستبهێنم
لەلایەن وەزیری کاروباری کۆمەلایەتیەوە خەلاتی پی بەخشراوە
ئایە ئیقبال لەبەر ئەوەی کیشەی کەم بینی هەبووەو بەڵام نەبووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە خویندن داببریت لەلایەن وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتییەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوەو سوپاسی خانەوادەو کەسوکارەکەی و مامۆستاکەی کردووە کە زۆر هاوکار بوون تاوەکو بتوانێت لەو ئەنجامە نزیک ببیتەوە کە خۆی دەیەوێت.
ئایە ئیقبال هەرچەندە چاوەکانی چارەسەریان نییە، بەڵام بێئومێد نییە و لێمان پرسی ئارەزوومەندە لە چ کۆلیژیک وەربگیرێت وتی: حەزم لە زمانی ئینگلیزییە، پێم خۆشە لەو کۆلیژە وەربگیریم و بەیارمەتی ئامیرێک ڕۆژانە وانە دەخوێنم و دریژە بە خوێندنەکەم دەدەم.