ئاستەنگ خرایە بەردەم مافی پەیوەندیکردنی زیندانی سیاسی ساکینە پەرڤانە

ساکینە پەرڤانە، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرە، نزیکەی ٧ مانگە له مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کراوە.

 ناوەندی هەواڵ

 

ساکینە پەرڤانە، زیندانی سیاسی کورد کە لە زیندانی ئێڤینی تاران دەستبەسەرە، لە مانگی ئابی ٢٠٢٤ەوە لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کراوە، هەموو هەوڵەکانی ساکینە پەرڤانە بۆ چاوپێکەوتن سەرکەوتوو نەبوون.

 

 ساکینە پەرڤانە، بەهۆی دانیشتنی ئەندامانی خێزانەکەی لە شاری گۆچان، و ناتوانن مەودای دوور ببڕن، چەند مانگێکە لەگەڵ خێزانەکەی چاوپێکەوتنیان نەکردووە.

 

 ساکینە پەرڤانە کێیە؟

 ساکینە پەرڤانە لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری گۆچان بە تۆمەتی سەردانی گۆڕی عەلی موزەفەری کە لە ڕاپەڕینی 'ژن، ژیان، ئازادی' گیانی لەدەستدا، دەستبەسەرکرا، دواتر بە دەستبەسەرکراوی لە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی پاسەوانانی ئینقلابی ئیسلامی گوازراوەتەوە، دوای ۱۲ ڕۆژ لەم شوێنە، گواستراوەتەوە بۆ زیندانی وەکیل ئاباد لە مەشهەد.

 

 لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەشهەد، بە تاوانی 'پەیوەندیکردن و هاوکاری دژ بە ئاسایشی وڵات'، بە ٦ ساڵ زیندان و بە تاوانی 'پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران' بە ١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی سزای بەسەردا سەپێندرا، دۆسیەکەی لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە پەسەندکرا، بڕیاردرا بەپێی مادەی ١٣٤ لە یاسای سزادانی ئیسلامی سزای ٦ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا جێبەجێ بکرێ.

 

 ساکینە پەرڤانە  ڕۆژی ٣ی نیسانی ٢٠٢٤ لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی شاری مەشهەدەوە بۆ زیندانی ئێڤین گواسترایەوە.