ئاڵەنگارییەکانی ژیانی تەنهای ژنان لە هەرێمی کوردستان؛ قبوڵ نەکردن لەلایەن کۆمەڵگەوە

ژنانی تەنها لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری و داب و نەریت دەبنەوە، ئەمەش وادەکات کاتێک کێشەی خێزانی هەیەو توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، بیر لە جیابوونەوە نەکاتەوە چونکە دەزانێت کۆمەڵگە قبوڵی ناکات بەتەنها بژی.

 شلێر کۆیی

 

کۆیە-لە کۆمەڵگەیەکی وەکو هەرێمی کوردستاندا، کە هێشتا پاشماوەی کولتووری نەریتی و کاریگەریی قەیرانە ئابوورییەکان ڕەنگدانەوەی بەسەر هەموو کایەکانی ژیانەوە هەیە، پرسی ژنانی تەنیا یان ئەوانەی بەهۆی جیابوونەوە، لەدەستدانی کەسوکار یان کۆچی دوایی هاوژینەکانیان بە تەنها دەژین، یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان. نەبوونی داهات و بژێوی، لە هەمانکاتدا قبووڵنەکردنی ئاسانی کۆمەڵگە بۆ ژیانی سەربەخۆی ژنان، بارودۆخێکی سەختی بۆ ئەم توێژە دروست کردووە، زۆر جار کاتئک ژنێک کێشەی خێزانی هەیە کەسوکاری ئامادەنین لەخۆی بگرن یان منداڵەکانی بۆ بەخێو بکەن، ئەویش ناچار هەموو زوڵم و توندو تیژیەک قبوڵدەکات و هەنێک جار پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن، چونکە لەلایەن هاوژینەکەی دەچەوسێتەوە کەسوکاریشی دەڵێن نەیەوە بگونجێ، بەلام گەر حکومەت ماڵ و خەرجی بۆ ئەوانە دابین بکات توندوتیژی و ئەو فشارە زۆرەی سەر ژنان کەم دەبێتەوە.

 

 لە ڕوانگەی شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی و چالاکوانانەوە، تیشک دەخەینەسەر ڕەهەندەکانی ئەم کێشەیە لە دەڤەری کۆیە و پێویستیی دابینکردنی ماڵ و یارمەتیی دارایی و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ ژیانێکی شایستە و سەربەخۆ بۆ ئەو ژنانە.

 

"لەناو کۆمەڵگەکەدا هێشتا لەگەڵ ئەوە رانەهاتوون ژنێک بەتەنها بژی"

سۆزان حەمەسەعید، شارەزای بواری کاروباری کۆمەڵایەتی، لەم بارەوە وتی: بێگومان لە وڵاتی ئێمەدا لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک کارەساتی تێدا ڕوویداوە، ڕەنگە لە باری کۆمەڵایەتییەوە زۆر لە ژنان  تووشی گیروگرفت ببن بەهۆی ئەوەی هەندێکیان لەوانەیە کەسوکاریان لەدەستدابێت، یاخود هاوژینەکانیان لەدەستدابێت و جیابووبێتنەوە، زۆرجار لەناو کۆمەڵگەکەدا هێشتا لەگەڵ ئەوە رانەهاتوون ژنێک بەتەنها بژی، کەوا خۆیان بە تەنیا ئەم ئەرکە یاخود خۆیان سەرپەرشتی ژیانی خۆیان بکەن، بەشێکیش توانا دارییان زۆر کەمەو شوێنێک تێیدا بحەوێنەوە، لە وڵاتی ئێمەدا ئەگەر بڵێی ئەمانە چ داڵدەیان دەدات و چۆن چارەسەری کێشەیان دەکرێت، جاران بەشێکیان لەلایەن وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە پروژەی چاودێری خێزان، لە تۆڕی پاراستنی خێزاندا لە ساڵانی ڕابردوودا مووچەیەک بڕابۆوە  بۆ ئەو ژنانەی کەوا داهاتیان نییە، کاریان نییەو ناتوانن بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بکەن، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەو بارودۆخەی کە هات بەسەر هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی بودجە ئەم بڕە هاوکارییە کەمەش نەما، ئەمەش بۆتە هۆی بارگرانی زیاتر لەسەر بەشێک لەو ژنانەو ناتوانن ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن.

 

"لە وڵاتی ئێمە وا دانراوە ژن لەلای خاڵ و مام بژی نەک بەتەنها"

سۆزان وتیشی: شوێنی داڵدەدان، بێگومان لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان شوێن هەیە بۆ داڵدەدان بە تایبەت ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی گرفتی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، ئەمەش بۆ کاتێکی کەم و دیاریکراو تا کێشەکەیان چارەسەر دەبێت، لە خانەی نەوجەوانەکان جێیان بۆ کراوەتەوە، لە وڵاتی ئێمەدا لەبەر ئەوەی وەک وڵاتان ئازادییان نەدراوە بەوەی کەوا ژنێک بە خۆی بە تەنها بژی، بەڵکو دەبێت لەلای کەسێک بژی، هەموو هەوڵەکانی وەزارەت چڕکراوەتەوە لەوەدا کەوا ڕێگە بدرێت ئەو کەسانە هەر لەلای خاڵێک، لەلای مامێک، لەلای کەسێک بژی بەڵام بەڕاستی بەداخەوە ئەوانە گیروگرفتی گەورەیان هەیە و من پێشنیاز دەکەم و پێموایە کەوا ئەگەر حکومەت لەم لایەنەوە بیربکاتەوە لەو ژنانە و بتوانیت هەرنەبێت هاوکارییەکیان بکات یاخود شوێنێکیان بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی لەسەر شەقامەکان نەبن و لە شوێنەکاندا ڕووبەڕووی کارەساتی ناخۆش نەبنەوە ،لە ڕووی کۆمەڵایەتی و لە ڕووی ئابوورییەوە کە لەوانەیە زۆربەی جار تووشی گیروگرفت ببەنەوە، بۆیە هاوکاری کردن و چاودێری کردنیان ئەرکی سەرەکیی حکومەتە بەلایەنی یەکەم کەوا بیر لە ژیانی ئەم کەسانە بکاتەوە.

 

" کێشەکە لەناو کۆمەڵگەکەی ئێمەدا کێشەیەکی گەورەیە بەڵام  بەهەند وەرنەگیراوە"

شەهێن ئیبراهیم، چالاکوان و شارەزای بواری کۆمەڵایەتی وتی: بێ ماڵی و بێ هاوکاری ئەو ژنانەی کە تەنها دەبن یان هیچ کەسێک لەخۆیان ناگرێت، کێشەکە لەناو کۆمەڵگەکەی ئێمەدا کێشەیەکی گەورەیە بەڵام  بەهەند وەرنەگیراوە، بەڕاستی زۆر ژن و ئەوانەشی هاوسەرگیریان نەکردووە ماڵی نییە و کەسێکی نییە کە  بیگرێتە خۆی و ژیانی بە تەواوەتی بۆ دابین بکات، بەڕاستی ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، پێویستە بە جدی کاری لەسەر بکرێت و چارەیەکیان بۆ بدۆزرێتەوە، زۆر کەس حەزی لەوەیە کە بۆ خۆی سەربەست بژی، بۆ نموونە ئەگەر شوقە هەبێت، ئەو کەسانەی کە جیابوونەیەوە، کێشەیەکی هەیە، نەگونجاوە، ئەوزنەی هاوسەرگیریان نەکردووەو ناخۆشە بۆیان لەگەڵ کەسوکاریان بژین حەزدەکەن  تەنیا بژین،  پێیان خۆشە  شوێنێک بێت خۆیان تەنیا بن ئازاد بن وەک خۆیان دەلێن منەتیان بەکەس نەبێت، چونکە زۆر جار کەسوکاریش نایان گرێتە خۆ بەتایبەت ئەوانەی جیادەبنەوەو منداڵیان هەیە.

 

مامۆستا شەهێن وتیشی: پێویستە  کارو باری کۆمەڵایەتی شوقە یان خانوو تایبەت بەو ژنانە  بۆیان دروست بکەن، ئەوە زۆر باشە بۆیە هیوادارم کە ئەو بابەتە بخرێتە بەرنامەی ئەو لایەنانەی کە پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە چارەسەرییەکیان بۆ بدۆزنەوە، بەڵکو ژنان بتوانن  خۆیان ژیانێکی سەربەخۆ و ئاسوودەو ئارام بەڕێ بکەن هەتا لە ژیاندا هەبن، وەک لە وڵاتان ئەو ژنانە حکومەت ماڵیان پێدەدات هەروەها موچەشیان بۆ دەبڕێتەوە تا ژیانیان باش بێت خۆزگە لێرەش وادەبوو.