ئامینە کاکە باوە: پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی سزای لە سێدارەدانی ژنان بوەستێتەوە
ئامینە کاکە باوە دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژناندا لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پەیامێكی ئاڕاستەی مای ساتۆ ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ كاروباری ئێران کرد.

ناوەندی هەواڵ
ئامینە کاکە باوە، چالاکوانی مافەکانی ژنان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید، پەیوەست بە سزای لە سێدارەدان بەسەر هەرسێ چالاکوانی مافەکانی ژنان؛ وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی پەیامێکی ئاڕاستەی مای ساتۆ ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ كاروباری ئێران کرد.
لە پەیامەکەدا هاتووە: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم دژی پەسەندكردنی سزای لەسێدارەدانی وریشە، پەخشان و شەریفە هەڵوێست بگرنەبەر دەشڵێت، ئەو ژنانە کاری مرۆییان ئەنجامداوە و بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی سزادان بونەتەوە. دەبێت مای ساتۆ دەستبەجێ هەنگاو بنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو سێ ژنە زیندانیە سیاسییە.
لە بەردەوامی پەیامەکەدا وتراوە: ئەو ژنانە کاری مرۆییان ئەنجامداوە و ژیانی زۆر کەسیان ڕزگار کردووە، بەڵام بەهۆی ئەو هەوڵە ئاشتیخوازانە و ژیانبەخشانەوە، لە ئێستادا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.