"ئامانجی تورکیا لەناوبردنی کورد و خاکی کوردستانە"

لەبەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکارییانەی دەکرێتە سەر خاکی باشوری کوردستان هاوڵاتیان هاتنە دەنگ و داوا لە گەنجان و هاوڵاتیان و بەرپرسان دەکەن چیتر بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.

شنیار بایز

سلێمانی- هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە کە لە شەوی ١٧ی نیسانەوە کرایە سەر ناوچەکانی سنووری ئامێدی و شیلادزێ و چیای کوڕەژارۆ لە شیلادزێ و زنجیرە چیای مەتینا لە ئامێدی و ناوچەی بەرواری باڵا، هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە و ئەم هێرشانە ژیانی تەواوی خەڵکی باشووری خستووەتە مەترسییەوە.

 

هاوڵاتیان هۆکاری ئەم هێرشانە دەگەڕێننەوە بۆ ڕێگەخۆشکردنی دەسەڵاتداران و بە ناو بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی مەسرور بارزانی کە بووەتە ملکەچی دەوڵەتی تورکیا، هاوڵاتیان بێزارن لەو بێهەڵوێستییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێن: "بەهۆی ئەوانەوە خاکمان داگیر دەکرێت".

 

کاتێک نوژنها قسەی لەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکرد سەبارەت بەو بابەتە بە دڵێکی پڕەوە ژنان پەیامی خۆیان دژی ئەو هێرشە خستەڕوو.

 

"ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا، لەناوبردنی کوردە"

سانیە ڕەسول، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بە کارێکی داگیرکاری و قێزەون دادەنێت و دەڵێت: "ئامانجی تورکیا لەناوبردنی کورد و خاکی کوردستانە، چونکە کوردستان خاوەن خاکێکی دەوڵەمەندە، دەوڵەتانی داگیرکەر چاویان تێبڕیوە و هەمیشە لە هەوڵی داگیرکردنیدان، دەیانەوێت کورد بنبڕ بکەن".

 

باسی لەوەشکرد، هەرچەندە ئەم دەوڵەتە داگیرکەرانە چاویان بەرایی نایەت کوردستان سەربەخۆبێت و پێشبکەوێت، بەڵام حکومەت و دەسەڵاتدارانی کورد هەمیشە بە دۆست و دراوسێی خۆیانی دەزانن لە کاتێکدا هیچ کامیان دڵسۆزی کوردستان نین.

داوا دەکات کە خەڵک هۆشیار ببنەوەو ئاگاداربن لەوەی لە دەوروبەر هەوڵ بۆ بنبڕکردنی نەتەوەی کورد دەدرێت.

 

"لە داگیرکارییەکاندا زەرەرمەندی سەرەکی ژنانن"

پەخشان عومەر، ئاماژەی بەوەکرد کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکە هەمیشە چاوی لەسەر بووە بۆ لەناوبردنی، لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە هەوڵی داگیرکردنی دەدرێت، داگیرکەران  چاویان بڕیوەتە سەروەت و سامانێک کە سودەکەی زیاتر بۆ خۆیانە وەک لە نەتەوە ی کورد، لەم نێوەندەشدا ژنان زەرەرمەندی سەرەکین، چونکە لەهەر جێیەکدا داگیرکاریەک هەبێت چەنێک مەترسی هەبێت بۆسەر کۆمەڵگا دوو ئەوەندە مەترسی دەبێت بۆسەر ژنان.

 

دەڵێت: "حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەگەر حکومەت بن نە ڕێگە دەدەن بێگانە بێتە ناو خاکی کورد نە ڕێگەشیان بۆ خۆشدەکەن، بەڵکو ئێمە فرۆشراوین بۆیە دەسەڵاتدارەکانمان بەرگریمان لێناکەن".

 

پەخشان عومەر باسی لەوەشکرد ئەنجامی ئەم داگیرکاریانە پەرتبوونی کوردە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت عێراق و حکومەتی هەرێم بە هاوبەشی یەکبگرن و دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە بۆ ئەوەی چیتر ڕۆڵەی کورد بەردەوام شەهید نەکرێت و جەرگی دایکێکی دیکە نەسوتێت.

 

"پارتی ڕێگە بۆ داگیرکاران خۆشدەکات"

سوەیبە عەلی، وەک هاوڵاتییەک باس لەوە دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکاری سەرەکی ئەم هێرشە داگیرکارییانەیە، تەواوی خەڵکیش ئەوە دەزانێت کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و ئەردۆغان هێرشێکی داگیرکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، وتیشی: "لە مێژووی پارتیەوە سەلمێندراوە کە سیاسەتێک جێبەجێدەکەن کە هەمیشە ملکەچی داگیرکەر بوون".

 

ئەوەشی خستەڕوو کە لەم مانگەدا و لەگەڵ بوونی چەندین دۆخی خراپی سیاسی و ئابووری، ئەم هێرشانەش دەستیان پێکرد و بەهۆیەوە ئەو ناوچەو گوندانە ژیانیان کەتووەتە مەترسییەوە، هەروەها ژنان بە پلەی یەکەم زەرەرمەند بوون چونکە لە خەمی ئەوەدان ڕۆڵەکانیان شەهید نەکرێن.

 

ئەو هاوڵاتییە بێدەنگی خەڵکی باشووری گەڕاندەوە بۆ ترساندنیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوەو دەڵێت: "خەڵکی لەم دەسەڵات و داگیرکەرانە پڕن بەڵام تۆقێندراون بۆیە بێدەنگن، پێویستە خەڵک بە گشتی و گەنج بە تایبەت بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت".