ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل دەستیپێکرد
ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز بەدروشمی “نەورۆزی ئازادیی و یەکێتی دیموکراتیک” لە قەندیل دەستیپێکرد وبە پێشکەشکردنی چەندین وتار و بەرهەمی هونەریی تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
قەندیل
لە بناری قەندیل بە بەشداری دەیان هەزار کەس بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ دەستیپێکرد.
هەموو توێژە جیاجیاکان بە ژن و پیاو و منداڵ، گەنج و پیر لە هاووڵاتییان، چالاکوانان، نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە هەرچوار بەشی کوردستانەوە، بە جۆش و خرۆشەوە بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کردووە.
لە مەیدانی پیرۆزکردنی نەورۆز وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان هەڵواسراون.
بڕیارە هەریەک لە هونەرمەندان لوقمان سەلیم، چۆپی فەتاح، گروپی هونەریی شنگال، گروپی هونەریی مەخموور، فەرهاد مەردی، محەمەد گەرمیانی، غەزەل مستەفا، ڕێڤین ئاراس، ساماڵ ساڵح، بەشداریی لە ئاهەنگەکەدا بکەن و بەرهەمی هونەریی و گۆرانی پێشکەش بکەن.