یادی نەورۆز لە بناری گۆیژە کرایەوە
بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، فێستیڤاڵی ساڵانەی نەورۆز لە بناری گۆیژە بە بەشداربوونی ژمارەیەک هونەرمەند و گروپی هونەری کرایەوە، هاوڵاتیان دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و ئاماژەیان بەوەکرد کورد پێویستە گرنگی بە هەستی کوردایەتی و نەورۆز بدات.
سلێمانی
ئەمڕۆ ٢٠ی ئادار یادی نەورۆز و ساڵی نوێی ٢٧٢٢ی کوردی لە ناوچە و شوێنە جیاوازەکانی کوردستان کرایەوە، هەموو کوردێک بە جل و بەرگی کوردی و بە کردنەوەی ئاگر جەژنی نەورۆزی پیرۆزکرد و دڵخۆشی خۆی دەربڕی.
لە شاری سلێمانی لە بناری گۆیژە بە هاوبەشی ٢٥ ڕێکخراو فێستیڤاڵێک بە دروشمی "سلێمانی کوانوی ئاگری نەورۆزە"، یادی نەورۆز بە بەشداری ژمارەیەک هونەرمەند و گروپی هەڵپەڕکێ، هەروەها گروپی لەیزنی منداڵان کرایەوە و ئەو یادە بەرز و پیرۆز ڕاگیرا.
لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە وتنی گۆرانی و ئەنجامدانی هەڵپەڕکێ و نمایشی ئەسپسواری کاری دەستی ژنانیش هەبوو، خواردنی کوردەواری ئامادەکراو پێشکەش بە میوانان کرا.
کەوسەر حەسەن، ئەندامی کۆمەڵەی زامی کوردستان و یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە دەربارەی فێستیڤاڵەکە و جەژنی نەورۆز بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەکرد کە ماوەی دوو ساڵە کۆمەڵەی زام بە هاوبەشی ٢٥ ڕێکخراوی دیکە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵی نەورۆز، چونکە نەورۆز گرنگە و پێویستە گەلی کورد گرنگی تایبەتی پێبدات.
کەوسەر بە پێویستی دەزانێت جەژنی نەورۆز بۆ هەموو گەلی کورد پەیامێکی نوێ بێت، و چیتر ژێر دەستەیی و داگیرکاری قبوڵ نەکات وتی: "هەمیشە دوژمنانی کوردستان و کورد هەوڵیان داوە کورد و بۆنە تایبەتەکانی کورد لەناو ببەن و لە گۆڕی بنێن، بەڵام کورد چاونەترسانە هەمیشە یادەکانی خۆی کردووەتەوە و بە ڕووی داگیرکاراندا وەستاوەتەوە، گەلی کورد هەمیشە خەباتی کردووە و تێکۆشانی کردووە بۆیە پێویستە پەیمان نوێ بکەینەوە بۆ ئەوەی گەلی کورد ئازادییەکانی بەدەست بهێنێت و مافە سەرەتاییەکانی دەستەبەر بکات".
لە کۆتایدا پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی گشت گەلی کورد کرد و هیوای خواست نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکی ئاشتی و جوانی و گەشاوەیی بۆ گەلی کورد
ژنان بە دەستڕەنگینیەکانیان بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کرد
دێکان جەزا، ئەندامی گروپی خەیاڵی خانمان و ژنێکی دەست ڕەنگین پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ئاڕاستەی گەلی کورد کرد و ئاماژەی بەوەدا وەک گروپەکەیان ماوەی دووساڵە بە کارە دەستییەکان بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن بە مەبەستی پێشکەشکردنی کارە دەستییەکانیان بە میوانان و سەردانیکەران.
باسی لەوەکرد، کە ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە گرنگە چونکە یادی بۆنەیەکی کوردییە هەروەها بەشداریکردنی ئەم گروپانە گرنگترە چونکە ئەندامەکانی ناوی دەتوانن لەم ڕێگەیەوە کارە دەستییەکانیان نیشانی هاوڵاتیان بدەن بە تایبەت ئەو کەسانەی لە ڕێگای ئۆنڵاینەوە کار دەکەن، هەروەها بە پێویستی دەزانێت یادی نەورۆز بکرێتەوە و کورد کوردایەتی خۆی بسەلمێنێت.
نوخشە حسێن، وەک ژنێک کە بە خواردن بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردبوو وتی: "نەورۆز واتە بوژاندنەوەو نوێبوونەوە، بۆیە یادکردنەوەی نەورۆز ئەرکێکی نیشتیمانییە و ئاسودەیی بە دەروورن و دڵ دەبەخشێت".
ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهار بە هۆی ئەوەی سەوزەو دووبارە ژیان ڕەنگا و ڕەنگ دەبێت دەبێتە هۆی ئارامی دەروون و دڵخۆشی هاوڵاتیان، وتیشی: "ساڵانە بە کاری دەستی بەشداریم کردبوو بەڵام ئەمساڵ حەزم کرد بە خواردن بەشداری بکەم و خزمەتی هاوڵاتیان بکەم".