٧ خوێندکاری کچ لە گینیا لەڕێی قوتابخانە خنکان
٧ خوێندکاری کچ لە گینیا لە ڕێگەیاندا بۆ قوتابخانە، کە بە بەلەمی دار دەڕۆێشتن بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان خنکان.

ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی پەروەردەی گینیا بڵاویکردەوە، ٧ خوێندکاری کچ بۆ گەیشتنیان بە قوتابخانە ویستوویانە بە ڕووباری نایجەردا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی گینیا بپەڕنەوە، بەڵام بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوتووە و خنکاون.
گوڵام هاوینگ، وەزیری پەروەردەی گینیا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: بەم هەواڵە ناخۆشە، تاساوین.
بەگوێرەی شایەدحاڵەکان، خەڵکی دیکەش لە بەلەمەکەدا هەبوون و تا ئێستا نازاندرێت ماون یان ئەوانیش خنکاون.
گینیا وڵاتێکی ئەفریقییە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٤ ملیۆن کەسە.