"ئەم سیستەمە هەڵبژاردەی ئێمە نییە، مافی ئەوەمان هەیە حکومەتێکی دیموکراسی هەڵبژێرین"

پەروین ئازاد، چالاکوانی مافی منداڵان، وتی: ڕژێمی ئێران بەبێ سیاسەتی گرتن، زیندان، ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ و لەسێدارەدان بەردەوام نابێت.

مژدە کرماشانی

 

زیاتر لە چوار دەیە حکومەتی ئێران دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە، لە ڕێگەی سەرکوتکاری دڕندانە، زیندانی، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی سیستماتیکی تێدەکۆشێت، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەیان زیادی کردووە بۆ دروستکردنی تیرۆر و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی کە بناغەکانی هەژاند.

 

سەبارەت بە پراکتیزەکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران و زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لەو وڵاتە، پەروین ئازاد چالاکوانی مافی منداڵان دەڵێت: "ڕژێمی ئێران کە هاتە سەر دەسەڵات دەستی کرد بە ئەنجامدانی لەسێدارەدان، ئەم حکومەتە بەبێ پەیڕەوکردنی سیاسەتی گرتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و دانپێدانانی زۆرەملێ و لەسێدارەدان بەردەوام نابێت، ئەمە جگە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی خوێندکاران و کرێکاران."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕژێمی ئێران توانیویەتی، بە بڵاوکردنەوەی تیرۆر بە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان، دانپێدانان دەربهێنێت و ئیدانەی خۆپیشاندەران و ئازادیخوازان بکات، "دوای شۆڕشی ژینا ئەمینی، لەسێدارەدان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، چونکە ڕژێم دەیەوێت بەهەموو شێوەیەک دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت و تۆڵەی شۆڕش و ئەو خۆپیشاندەرانە بکەنەوە کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییەکان ڕێکدەخەن."

 

"دەسەڵاتی قەزایی لە ئێران بە سزای لەسێدارەدان ناسراوە"

پەروین ئازاد بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی دەسەڵاتی قەزایی لە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان، جەختی لەوە کردەوە کە دەسەڵاتی دادوەری لە ئێراندا لە دوای خامنەیی گرنگترین بڕیاردەرە، "دەسەڵاتی قەزایی لە ئێران بە سزای لەسێدارەدان ناسراوە و ئەوان تەنیا حوکم دەردەکەن و دەیکەن، ئیتر گرنگ نییە ئەندامی حیزبێکی سیاسی بێت یان داواکاری کرێکاری هەبێت یان کەسێک کە بەبێ مەبەست کوشتن ئەنجام بدات، لە هەموو جیهاندا لەسێدارەدان مەحکووم دەکرێت و ئەو کوشتن و سێدارەدانانەی کە حکومەتی ئێران ئەنجامی دەدەن بە کوشتنی دەوڵەت هەژمار دەکرێن."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە یاسا مافی دانانی پارێزەری بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانیان دەداتە دەستبەسەرکراوان، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری بڕیار لەسەر خۆپیشاندەران دەردەکات بەبێ ئەوەی ڕێگەیان پێبدات پارێزەر دابنێن، لەم حاڵەتەشدا پارێزەرێکیان بۆ دادەنرێت لە لایەن بەرگریکارانی گشتییەوە، کۆمەڵە و ئەو پارێزەرانەی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەڵدەبژێردرێن بە دڵنیاییەوە سیاسەتێک پەیڕەو دەکەن ک ڕژێمی ئێران و ئەوان وەک پێویست بەرگری لە موکلەکانیان ناکەن و ئەم سیاسەتە نزیکەی ٤٤ ساڵە بەردەوامە."

 

سەبارەت بە کاردانەوە و فشارە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی کوشتن و سەرکوتکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، پەروین ئازاد دەڵێت "بێگومان کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان کاریگەری لەسەر پراکتیزەکردنی دەسەڵاتداران هەیە، بارودۆخی وڵات وەک یەک نییە".

 

  پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی ئێران زیادی کردووە و ئەو ناڕەزایەتیانەی لە دەرەوەی وڵات ڕێکدەخرێن بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ناو ئێران کاریگەرییەکی زۆریان هەیە، زانیاری بە خێرایی دەگاتە هەموو بەشەکانی جیهان، بەڵام پێش هەموو شتێک یەکگرتوویی گەل دەتوانێت کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنێت کە نوێنەرایەتی ئێمە ناکات.

 

ئەو ڕوونیشیکردەوە، "وڵاتانی دەرەوە بە پلەی یەکەم گرنگی بە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان دەدەن، ئێمەش کە لە دەرەوەی ئێران دەژین دەتوانین لە ڕێگەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر شەقام فشار بخەینە سەر دەسەڵاتداران و بەم شێوەیە باڵیۆزخانەکانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە دادەخەین و نوێنەرانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەردەکەین".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "دەبێت نیشانی ئەم حکومەتانە بدەین کە گەلەکەمان لە ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ڕژێمە دەڕژێنە سەر شەقامەکان، ئەم ڕژێمە بە دڵی ئێمە نییە و مافی خۆمانە حکوومەتێکی دیموکراتیک هەڵبژێرین، وە دروشمی "ژن، ژیان ئازادی"، کە لە سەردەمی شۆڕشی ژینا ئەمینیدا دەوترێتەوە، بەو مانایەیە کە ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی ئازاد بژین."