وەزارەتی شارەوانی هەرێم: زیاترلە پێداویستی هاوڵاتییان ئاومان دابین کردوە

هەرچەندە هاوڵاتیان بەدەست بێ ئاوی و کڕینی ئاو بە تەنکەر و گرانی نرخەکەی ڕووبەڕووی گرفت بونەتەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە زیاترلە پێداویستی هاوڵاتییان و ستانداری جیهانیی ئاویان دابین کردوە.

 

ناوەندی هەواڵ 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕی هەرێمەوە بڵاویکردەوە،" ڕۆژانە ملیۆنێك و ٩٠٠ هەزار تا دوو ملیۆن و ١٠٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابین دەكرێت، لەكاتێكدا بە گوێرەی ستانداردی جیهانی، پێویستە ٢٠٠ تا ٢٥٠ لیتر ئاو دابین بكرێت، بەڵام ئێستا ئێمە لە سەرووی ٣٠٠ لیترەوە ئاوی خواردنەوە دابین دەكەین، ئەم بڕەش زۆر زیاترە لە پێداویستی هەر هاوڵاتییەك و لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، خواست لەسەر ئاو زیاد دەكات بە تایبەتی بەهۆی فێنككەرەوە و چالاكییە هەمەجۆرەكانی ناو ماڵ و ئاودانی باخچەكان و شۆردنی پێش دەرگە و كۆڵان و ئۆتۆمبێل و دەیان جۆری دیكەی بەكارهێنان و بەفیڕۆدانی ئاو، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماش كاتژمێرەكانی كارەبا كەم دەبنەوە كە بەشێوەی پچڕپچڕ دەبێت، بۆیە ئەمانە گرفتی كەمئاوی دروست دەكەن.

 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، شاری هەولێر سێ پرۆژەی ئاوی هەیە كە كارەبای بەردەوامیان بۆ دابین كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ١١٩٠ بیری ئاو هەن، نزیكەی ٣٠٪یان دوو كارەبایان هەیە و نزیكەی ١٠٠ بیریشیان كارەبای مۆلیدە و نیشتمانیان هەیە و زیاتر لە ٦٠٠ بیریشیان تەنیا یەك كارەبایان هەیە، كێشەكان زیاتر لەو بیرانەن كە یەك كارەبایان هەیە، چونكە بەشێوەی پچڕپچڕ كارەبایان بۆ دێتەوە و ئەمەش وا دەكات ئاوی پێویست نەگاتە هەموو ماڵەكان، كاتێك تۆڕەكانی ئاو پڕ دەبن بەهۆی پچڕانی كارەباوە، دووبارە بەتاڵ دەبنەوە و ئاو ناگاتە ماڵەكان، بە تایبەتی ئەو ماڵانەی دوور لە سەرچاوەكەن زیاتر گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە ١٠٠٠ مۆلیدە لە سەرتاسەری كوردستاندا لەسەر بیرەكانی ئاو دانراوە تا گرفتی كەم ئاوی روو نەدات.

 

ڕاشگەیەندراوە، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارە لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، بەڵام ئەو بەرپرسیارێتییە بەشێكی دەكەوێتە ئەستۆی هاوڵاتییانیش، چونكە لایەنی دووەم کە هاوڵاتیانن وخزمەتگوزاریی ئاو وەردەگرن، بەوە بەرپرسیارێتی هاوبەشیان لەگەڵ حكومەتدا دەبێت، بۆیە پێویستە هاوبەشانی ئاو، لەپێناو رێگریكردن لە گرفتی كەمئاوی و هاوكاریكردنی حكومەت، پێوەری ئاو و تەوافەی ناو تەنكی ببەستن لەگەڵ رێكخستنەوەی ئەو بڕە ئاوەی دەدرێتە باخچەكان نابێت بە هەدەر بدرێت و كە زۆربەی شوێنەكان سۆندەی ئاو لەناو باخچەكان بە كراوەیی جێدەهێڵن ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ئاوێكی زۆر و كاریگەری لەسەر ماڵەكانی دیكە دەبێت، هەروەها دەبێت پێویستە دایكان و باوكان منداڵەكانیان هۆشیار بكەنەوە كە ئاو بە فیڕۆ نەدەن، پێویستە هاوبەشانی ئاو بە هەموو شێوەیەك دوور بكەونەوە لە شۆردنی ئۆتۆمبێل بە ئاوی خاوێن، مەگەر لە خاڵەتی زۆر پێویست نەبێت نابێت كۆڵان و پێش دەرگەكان بشۆردرێن كە بەگوێرەی بەدوادچوونەكانمان زۆرترین ئاو لەو بابەتانە بەفیڕۆ دەچێت و ئەمە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاو و دروستكردنی گرفتی كەمئاوی لەو شوێنانە