"ڕووخسارو دەنگی ژنان شەرمەزارییە" سنووردارکردنی نوێ کە تاڵیبان بەسەر ژناندا سەپاندوویەتی

سەپاندنی سنووردارکردنی نوێ لەلایەن تاڵیبانەوە بەسەر ژنان لە ئەفغانستان تووڕەیی چالاکوانان و چالاکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان دەتوانێت ببێتە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی ئەو زنجیرە سنووردارکردنانەی کە تاڵیبان بەسەر ژنان و منداڵانی کچ سەپاندوویانە، بزووتنەوەکە دوای چەند ڕۆژێک لە سێیەمین ساڵیادی کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە سنووردارکردنی نوێی بەسەر ژناندا سەپاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “ڕووخسار و دەنگی ژنان شەرمەزارییە".

 

 دوێنێ ٢١ی ئاب، بزووتنەوەی تاڵیبان سنووردارکردنی نوێی بەسەر ژنان لە ئەفغانستاندا سەپاند، بەو پێیەی “دەنگی ژن بۆ پیاوان قەدەغەیە”، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە لە پرۆسەی دەرکردنی یاسایەکدایە کە داوا لە ژنان دەکات بە فەرمی جل و بەرگی حیجاب لەبەر بکەن و هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ڕووخسار و دەنگی ژنان شەرمەزارییە.

 

بەیاننامەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە بزووتنەوەکە شانازی بە لەناوبردنی زیاتر لە ٢١ هەزار ئامێری مۆسیقا لە ماوەی یەک ساڵدا کرد، وەک موحیبوڵڵا موخلێس، بەرپرسی پلاندانان و یاسادانان لە وەزارەتی "بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری"  ڕایگەیاند تاڵیبان ئامێرە مۆسیقیەکانی کۆکردووەتەوەو سووتاندوویەتی، چونکە بە تابو و گوناهبار دادەنران، ئەو سنووردارکردنانەی بەسەر ڕاگەیاندنەکاندا سەپاندبووی بە "چاکسازی" زانی، وتی: توانیمان ٩٠%ی لە ڕاگەیاندنی بیندراو و دەنگی و چاپکراو چاکسازی بکەین.

 

لەوەتەی تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە، واتە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، چەندین سنووردارکردنیان سەپاندووە کە ژنان و منداڵانی کچی ئەفغانستانیان کردووەتە ئامانج و ڕێگرییان لێکردوون لەدوای پۆلی شەشەمەوە بچنە قوتابخانەکان، هەروەها ڕێگرییان لە کارکردنیان کردووە لە کارە حکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، جگە لە سەرکوتکردنی ڕاگەیاندنەکان، کە توڕەیی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

 

هەروەها ڕێگری لە ژنان کرا کە بەبێ پیاو گەشت بکەن و لە شوێنە گشتیەکانی وەک باخچە و پارکەکان دابنیشن، بە بیانووی ئەوەی کە حیجابیان بە باشی لەبەر نەکردووە یان ڕێساکانی جیاکردنەوەی ڕەگەزیان جێبەجێ نەکردووە، دواتر ناچار کراون کە حیجاب لەبەر بکەن.