ڕووداوە ئەمنییەکان و خۆکوشتن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سووریا زیادیان کردووە
بەرزبوونەوەی ڕووداوە ئەمنییەکان و خۆکوشتن لە سووریا، ڕەنگدانەوەی خراپتربوونی بارودۆخی ژیان و تێکچوونی تەندروستی دەروونییە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە کوژرانی ١٨ هاوڵاتی مەدەنی و ٢٩ حاڵەتی خۆکوشتنی تۆمار کردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دۆکیۆمێنتی کوژرانی ١٨ هاوڵاتی مەدەنی کردووە، کە چوار منداڵ و ژنێکیان تێدایە، لە ڕووداوە ئەمنییەکانی جیاوازدا لە سەرانسەری سووریا لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا، ئەم ڕووداوانە لە تەقەی بێ جیاوازی و تەقینەوە کە بەهۆی پاشماوەی جەنگەوە دەستی پێکردووە تا دەگاتە کردەوەی تاوانکاری، ئاماژەن بۆ فراوانبوونی بۆشایی ئەمنی و بڵاوبوونەوەی کۆنترۆڵنەکراوی چەک.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژەی خۆکوشتن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، ڕوانگەکە ٢٩ حاڵەتی بەڵگەدار کردووە کە دوو منداڵ و پێنج ژن بوون، لە زۆربەی شارەکانی سووریادا بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قووڵی قەیرانی ئابووری و دەروونییە کە ڕووبەڕووی دانیشتووان بووەتەوە.
شێوازەکانی خۆکوشتن جیاواز بوون، لەوانە تەقەکردن، هەڵواسین و بازدان لە بەرزاییەکانەوە، ئەمە جگە لەو حاڵەتانەی کە پەیوەندییان بە تێکچوونی دەروونی و زەبر و زەنگی کۆمەڵایەتییەوە هەبووە.
ئەو ڕووداوانەی ڕۆژانە کە لە سەرەتای ساڵەوە تۆمار دەکرێن، لە ئیدلب و دێرەزووت و دەرعا تا دیمەشق و لازقیە، ئەوە دەردەخەن کە فشارە ئابوورییەکان و ڕێژەی بەرزی بێکاری و دابەزینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بوونەتە هۆکاری سەرەکی کە چینە گەورەکانی دانیشتووان پاڵدەنێن بۆ لێواری داڕمانی دەروونی.
ڕوانگە هۆشداری دەدات کە بەردەوامی نەبوونی بەرنامەکانی پشتیوانی دەروونی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی ژیان، ئەم ڕووداوانە دەکاتە نیشاندەرێکی مەترسیدار بۆ خراپتربوونی ئەو قەیرانانەی کە هاوڵاتییانی نەدەنی لە ناوچە جیاوازەکانی سووریادا تووشی دەبن.