وشکەساڵی لە ئەوروپا و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست تۆمارکراوە
خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا بڵاوى کردەوە، ئەوروپا و ناوچەی دەریای ناوەڕاست لە مانگی ئابدا وشکەساڵییەکی پێوانەیی بەخۆیەوە بینیووە و کاریگەری لەسەر زیاتر لە نیوەی ڕووبەری زەوییەکەی هەبووە.

ناوەندی هەواڵ
خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە گۆڕانى کەش و هەواى جیهان و وشکەساڵی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر جیهان، ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: وشکەساڵی مانگی ڕابردوو کاریگەری لەسەر ٥٣%ـی ناوچەکانى ئەوروپا و کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست هەبووە، ئەمەش وشکەساڵییەکى پێوانەیی تۆمارکراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە تۆمار نەکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باڵکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی باڵکانەوە، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە بووە، هەزاران کەس ئاوارە بوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەوروپای ڕۆژئاوا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەبووە، فەرەنسا بەهۆى گەرمای هاوین لە مانگی ئابدا تووشی کێشە بوو، دوو لەسەر سێی ناوچەکانی کەم ئاوی بەخۆیەوە بینووە، چەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە بە جۆرێك زیاتر لە ٩٠%ـی ئەرمینیا و جۆرجیا و لوبنان بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
باس لەوەشکراوە، چەندین ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانى تورکیا کەوتووەتەوە، ٨٤%ـی ئەو وڵاتە تووشی کەم ئاوی بووە.
لە کۆتایدا جەخت لەوەکراوەتەوە، داتاکانی کۆپەرنیکۆس کە پشت بە ملیارەها زانیاری دەبەستێت، کە لەلایەن مانگە دەستکردەکان و کەشتی و فڕۆکە و دەزگاکانی کەشناسی کۆکراونەتەوە، بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەکانی گەرمایان تۆمارکردووە، لەگەڵ گەرمبوونی هەسارەکە بەهۆی دەردانی گازی گەرمى لە چالاکییەکانی مرۆڤەوە.