هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەیان قوربانی لێکەوتەوە

لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری فاشر لە باکووری دارفور، ٤١ کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای بانگەوازی ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ئاگربەست بۆ ڕزگاربوون لە خوێنڕشتن، هێشتا پێکدادانەکانی نێوانیان بەردەوامە و لە ئەنجامدا ڕۆژانە دەیان کەسی بێ تاوان دەکوژرێن.

 

دوێنێ، تێهەڵچوونی لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و بزووتنەوە چەکدارەکانی سوپای سوودان ڕوویدا، کە هەوڵیاندا ڕێگرییان لێبکەن هێرش بکەنە سەر گوندەکانی شاری فاشر وە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەپێی میدیاکان ٤١ کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون.

 

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە هێزەکانی پشتیوانی خێرا موڵک و ماڵی مەدەنی و سەدان ماڵیان تاڵان کرد و سووتاندیان، ئەمەش وایکردووە خەڵکی مەدەنی بەرەو شوێنە دوورە دەستەکان کۆچ بکەن.

 

شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا زیاتر لە شەش گوندی وەک 'سەرفیە، هیلا، خەمیس، ئوم ئاشووش، ڕکینیا، جاخی، و ئوم حەجەلیج'یان سووتاندووە، بە سەدان کەس ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بۆ گوندی شەقرا.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە خراپتربوونی بەرچاوی قەیرانی مرۆیی لە سودان بە تایبەت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی برسێتی لە هەندێک ناوچەدا.

 

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەر ململانێکان لە سودان بەردەوام بێت، ڕەنگە باری نائاسایی بۆ هەندێک وڵاتی دراوسێ ڕابگەیەندرێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ماوەی ساڵێکە ئەم ململانێیە بەردەوامە، ئەگەر ململانێکان نەوەستێت و ڕێگە نەدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بچێتە ژوورەوە، قەیرانی سودان بەشێوەیەکی بەرچاو خراپتر دەبێت، ئەمەش ڕەنگە کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە هەبێت لەڕووی لێشاوی پەنابەران و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

 

باس لەوەکراوە لە نێوان ٪ ٧٠ بۆ ٨٠ی دامەزراوە تەندروستییەکان بەهۆی بۆردومان و تاڵانکردنەوە لە دۆخی خراپدان و بە کەڵکی خزمەتکردنی هاوڵاتیان نایەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێداویستییە تەندروستییەکان تەنها ٪٢٥ی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان دابین دەکەن.