وەرزی بەهار ئازارەکانی ژنانی کۆبانێ کەم دەکاتەوە

لەگەڵ کۆتای هاتنی زستان و سەرەتای بەهار، سەوزە و درەخت گەشە دەکەن، چونکە بەهار کاتێکی نموونەییە بۆ دەستکردن بە چاندنیان، ئەمەش ئازارەکانی ژنانی کۆبانێ کەم دەکاتەوە.

 

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ-لە بەهاردا، ژنان دەست دەکەن بە چوونە دەرەوە بۆ کێڵگە و باخچەکان بۆ چاندنی درەخت و سەوزە و کۆکردنەوەی ڕووەک و ڕووەکی کێوی کە وەک خۆراک یان چارەسەر بۆ هەندێک نەخۆشی وەرزی بەکاری دەهێنن.

 

بە درێژایی بەهار، ژنان ڕووەکی سروشتی کۆدەکەنەوە لەوانە زەعتەرو گوڵە بەیبوون و تۆڵەکەو هتد، بۆیە ئەم وەرزە بۆ ژنان لە پارێزگای فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تایبەتەو لەم ماوەیەدا دەست دەکەن بە کارکردن لە کێڵگەکاندا.

 

لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری هەموو ساڵێکدا بەهار لە ناوچەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا دەست پێدەکات، لەوانە پارێزگای فورات کە بە ڕەنگی بەهار گەشە دەکات و زەوی بە ڕووەک و سەوزایی دەڕازێندرێتەوەو یەکێک لەو ناوچانە کۆبانێیە کە بە پیتێنی خاکەکەی ناسراوە، یارمەتی ژنان دەدات بۆ سەرکەوتنی کشتوکاڵ بە هەموو دانەوێڵە و دارەکانی زەیتوون و هەنجیر و ئەوانی تر، لە وەرزی بەهاردا، ژنان هەموو بەیانییەک لەخەو هەڵدەستن و بەرەو کێڵگە و باخچەکان دەڕۆن و جانتایان لە دەستدایە بۆ کۆکردنەوەی ڕووەکی کێوی.

 

چوونە کێڵگەکان نەریتێکی کۆنی ژنانی کۆبانێیە

ئامینە مەحمود، تەمەن ٤٧ ساڵ، خەڵکی گوندی بیر ڕەش لە باشووری کۆبانێ وتی: هەموو ساڵێک ژنان چاوەڕێی هاتنی بەهار دەکەن، کاتێک بەیانی زوو لەخەو هەڵدەستن بۆ ئەوەی بچنە کێڵگەکان و چێژ لە کەش و هەوای بەهار و سروشتی وێنەیی وەربگرن، هەروەها بەهۆی بارانبارینی ئەمساڵ وەرزەکە باش بوو و هەموو زەوییەکانی ئارتۆت دوای چەندین ساڵ تینوویەتی دروێنەی زۆر دەبێت، ژنانی گوندەکانی کۆبانێ هەموو بەیانییەک دەچنە کێڵگە و باخچەکان، بەتایبەتی دوای باران بارین، بۆ کۆکردنەوەی گیاو ڕووەکی جۆراوجۆر، ئەمەش نەریتێکی کۆنە بۆ ژنان لە ناوچەکانمان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە گیاو ڕووەکەکان ژەمێکی بەسوودیان لێ ئامادە دەکەن، هەندێک جۆریان وشک دەکرێن و هەڵدەگیرێن و لە زستانی داهاتوودا بەکاردەهێنرێن وەک چارەسەرێکی سروشتی بۆ زۆرێک لە نەخۆشییەکان چونکە چەندین سوودی پزیشکییان تێدایە و بۆیە دەتوانرێت لەبری دەرمانی کیمیایی بەکاربهێندرێن.

 

ئامینە مەحمود لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: خاکی شارەکەمان بەپیتە و جۆرەها ڕووەک و درەخت گەشە دەکات، بۆیە شاری کۆبانێ و ٣٠٠ گوندی سەر بە کۆبانێ بە کشتوکاڵ بەناوبانگن و ژن و پیاو لە تەمەنی گەنجییەوە بە هەموو شێوەکانیەوە کاری کشتوکاڵ دەکەن.