وۆرکشۆپێک بۆ بەهێزکردنی چاودێری تەندروستی دەروونی ژنانی قوربانیی توندوتیژی
وۆرکشۆپێک لە تونس، گرنگیی چاودێری تەندروستی دەروونی ژنانی قوربانیی توندوتیژی و ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پشتگیرییاندا خستەڕوو.
نەزیهە بوسعیدی
تونس ـ ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە پایتەختی تونس وۆرکشۆپێکی پشتیوانی و هاندانی دامەزراوەکان ئەنجامدرا، بە مەبەستی بەهێزکردنی چاودێری تەندروستی دەروونی ژنانی قوربانیی توندوتیژی؛ ئەمەش بۆ خستنەڕووی ڕۆڵی سەرەکیی پشتگیریی دەروونیی پسپۆڕانە لە پرۆسەی چاودێریکردنی ئەو ژنانە و بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان دامەزراوە تەندروستییەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان، بڵاوترین پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤە لە جیهاندا، هەروەها لە تونسدا بە دیاردەیەکی زۆر بەرچاو ماوەتەوە. بەپێی ڕاپرسیی نیشتمانیی توندوتیژی دژ بە ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەی ٨٤.٧٪ی ژنان لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە بەلایەنی کەمەوە تووشی یەک جۆر توندوتیژی بوون، هەروەها ٥٧.١٪یان لە ماوەی ١٢ مانگی پێش ڕاپرسییەکەدا تووشی توندوتیژی بوون.
توندوتیژیی مەعنەوی، کە توندوتیژیی دەروونی و زارەکی دەگرێتەوە، باوترین جۆری توندوتیژییە بە ڕێژەی ٤٩.٣٪، دوای ئەوە توندوتیژیی سێکسی بە ڕێژەی ١٥.٦٪، توندوتیژیی ئابووری بە ڕێژەی ١١.٤٪ و توندوتیژیی جەستەیی بە ڕێژەی ٥.٣٪ دێن. هەروەها ١٤.٤٪ی کردارەکانی توندوتیژی لە بۆشایی ئەلیکترۆنیدا ئەنجامدراون.
ئەم بڕە زۆرەی توندوتیژی بە جۆرە جیاوازەکانییەوە، کاریگەریی دەروونی لەسەر قوربانییەکان دروست دەکات، کە پێویستی بە چاودێریکردن و خزمەتگوزاریی تایبەت هەیە، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی کەم بکرێنەوە.
لە چوارچێوەی بەشداری لە بەهێزکردنی میکانیزمەکانی چاودێریکردنی ژنانی قوربانیی توندوتیژی، دیوانی نیشتمانیی خێزان و ئاودانکردنی مرۆیی، بە هاوبەشی لەگەڵ پرۆژەی «سیلە»، وۆرکشۆپێکی پشتیوانی و هاندانی دامەزراوەکانی ڕێکخستووە. ئامانجی وۆرکشۆپەکە هاندانی ژنانە بۆ سەردانی ناوەندی یارمەتیی دەروونی لە پارێزگای بن عەروس، وەک ناوەندێکی نموونەیی، هەروەها پەرەپێدانی هەوڵەکانی پشتیوانی بۆ پشتگیریی ئەم ئەزموونە و گشتاندنی بۆ ناوچەکانی تری وڵات.
ناوەندەکانی تەندروستی دەروونی و گرنگی چالاککردنی خزمەتگوزارییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
لە پەراوێزی وۆرکشۆپەکەدا، دکتۆر فاتمە تەمیمی، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە دیوانی نیشتمانیی خێزان و ئاودانکردنی مرۆیی، بە ئاژانسی هەواڵی وت:
دیوان خزمەتگوزارییەکانی بەخۆڕایی لە ٢٤ پارێزگا و لە ڕێگەی ٢٦ ناوەندەوە پێشکەش دەکات. داوا لە ژن یان گەنج ناکرێت کارتی ناسنامە یان کارتی چارەسەری پێشکەش بکات. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە خزمەتگوزارییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانمان خستووەتە ناو بەرنامەکانمان، لەوانە: دۆزینەوەی حاڵەتەکان، چاودێریکردن، ئاراستەکردن و پاراستنی تەندروستی دەروونی، جەستەیی و سێکسی.
هەروەها وتی: ناوەندێکمان بۆ چاودێریکردنی ژنانی قوربانیی توندوتیژی کردووەتەوە، کە ناوەندێکی پسپۆڕە و لە پارێزگای بن عەروس هەڵکەوتووە. ئەم ناوەندە پسپۆڕی دەروونی، مامانی منداڵبوون و پزیشکێکی تێدایە، کە ڕاوێژ پێشکەش دەکەن و ئەو حاڵەتانەی پێویستیان بە بەدواداچوونی زیاتر هەیە، بۆ نەخۆشخانەکان و پزیشکی دادوەری ئاراستە دەکەن، بۆ ئەوەی جۆری توندوتیژی دیاری بکرێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
ڕۆڵی کۆمەڵگە و هەموو چینەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
دکتۆر فاتمە تەمیمی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پشتیوانی و هاندانی دامەزراوەکان، لەم وۆرکشۆپەدا هەموو ئەو دامەزراوە و لایەنانەیان کۆکردووەتەوە کە پەیمانی هاوبەشییان لەگەڵدا هەیە، لەوانە وەزارەتەکانی تەندروستی، ژنان، ناوخۆ، داد و کاروباری کۆمەڵایەتی، کە وەک لایەنێکی سەرەکی لە پرۆسەی بەدواداچووندا بەشدارن.
وتیشی: ڕۆڵی ئێمە سەرەکییە لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان و تەمەنگەورەکان، بۆ ئەوەی هیچ جۆرە توندوتیژییەک بە هیچ پاساوێک قبوڵ نەکەن، چونکە پەیوەندیی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە دامەزراوە.
هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە کردەوە؛ چونکە دیوانەکە لە هەموو پارێزگاکاندا هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکان دەکات و تەنانەت ڕێکخراوە تازە دامەزراوەکانیشی بۆ ئەم هەوڵانە ڕاکێشاوە.
ئەمەش لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەندێک جار قوربانییەکان متمانەیان بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زیاترە لەوەی بە دەوڵەت و ناوەندە تەندروستییەکانی سەر بە خۆیان، لەوانە ناوەندەکانی تەندروستی و تەندروستیی زاوزێ، متمانەیان هەبێت.
پێویستیی کارکردنی هاوبەش
لە لایەکی تریشەوە، دکتۆر ئەنسیە بوعەسکەر، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە سەرەتای وتارەکەیدا وتی:
پێویستە ڕێز لە یادی دکتۆر ئەحلام بەلحاجی کۆچکردوو بگرین، کە پزیشکی دەروونی بوو و هەوڵێکی زۆری لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵاندا لە ناو ڕێکخراوی ژنانی دیموکراتدا خستەگەڕ.
زیادی کردی: وەک پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان و ئەندامی ڕێکخراوی “نیبراس”، کە لە بواری تەندروستی دەروونیدا کار دەکات، باوەڕم بە کاری هاوبەشی نێوان پسپۆڕان و کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا، کە پزیشکی نیشتەجێ بووە، بڕیاری داوە لەسەر کێشەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی دەروونی کار بکات. ئەمەش لە ڕێگەی حاڵەتە نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی ڕازی بۆ تەندروستی دەروونی ئەنجامداوە.
بەڵام ئەو لەگەڵ سەرسوڕمانێکی زۆردا بەرەوڕوو بووەتەوە، چونکە تێبینی کردووە قوربانییانی توندوتیژیی هاوسەری بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو وەک کەسانێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە تووشی خەمۆکی بوون.
بۆیە دەستێوەردانە چارەسەرییەکان سەرکەوتوو نەبوون، چونکە قوربانییەکە کە دەگەڕایەوە ماڵەوە، دیسان دەگەڕایەوە بۆ هەمان بارودۆخی پێشووی توندوتیژی.
بەڵام ئێستا توندوتیژی وەک کێشەیەکی تەندروستیی گشتی باس دەکرێت؛ چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان توندوتیژی و تەندروستی دەروونی و جەستەیی ژناندا هەیە. بۆیە تێگەیشتن لەم پەیوەندییە یارمەتی دەدات تێچووی چارەسەرکردن کەم بکرێتەوە.
لە کۆتاییدا، جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە، وەک ئەڵقەیەکی گرنگ و نەگونجاوە پشتگوێ بخرێت، لە ڕێگری لە کاریگەرییە دەروونییەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان؛ چونکە کۆمەڵگەی مەدەنی پسپۆڕان و تواناکانی پێویست دابین دەکات و هەروەها دەوڵەت هان دەدات بۆ ئەوەی ڕاهێنان و فێرکردن وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیەدا بگرێتەبەر.