ژنانی کۆبانێ و حەسەکە پشتگیری ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن
ژنانی کۆبانێ و حەسەکە لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی و چالاکییەکیان ڕێکخست، و قژی خۆیان بڕی و لەچکەکانیان سوتاند.
کۆبانێ – حەسەکە
ڕۆژی ١٣ی ئەیلول، پۆلیسی ڕەوشتی ئێران بە بیانوی ئەوەی حیجابی بە باشی نەکردبوو ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵیان دەستگیرکرد و بەهۆی ئەنشکەنجەدانەوە پاش سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، ئەم ڕووداوە پریشکی دەستپێکردنی ڕاپەڕینەکانی ژنان بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنانی کوردستان و سەرتاسەری جیهان بە شێوازی جیاواز پشتگیری بەرخۆدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن.
بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی کۆنگرە ستاری فورات ژنانی کانتۆنی کۆبانێ لە مەیدانی ژنانی ئازاد کۆبوونەوە و پشتگیری ڕاپەرینی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد و کوشتنی ژینا ئەمینیان شەرمەزار کرد، وێنەی ژینا، ئاڵای کۆنگرەی ستار و پانکارت بە نوسراوی "لە دژی کوشتنی ژنان، ژن و ژیان بپارێزن" بەرز کرانەوە.
چالاکیەکە بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دەستیپێکرد و دواتر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری سوڵتان حەمدی لێدوانێکی زارەکی داو وتی: " ئێمە وەک کۆنگرە ستار و ژنانی کۆبانێ لە مەیدانی ژنانی ئازاد لە کۆبانێ بەشداری چالاکی و بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان سڵاو لە خەباتی ژنان دەکەین و دەڵێین ژن ژیانە و هەرگیز ژیان ناکوژرێت ئێمە هەموو ڕۆژێک لە مەیدانەکان دەبین و پشتگیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین".
پاشان ژنەکان لەچکەکانیان سووتاند و قژیان بڕی، چالاکیەکە بەدروشمی سڵاوکردن لەڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی هات.
"ئیدانەی کوشتنی ژینا ئەمینی دەکەین"
عەدلە بەکی، ئەندامی کۆنگرەی ستار بە ئاژانسەکەمانی وت: "ئێمە وەک ژنانی کۆبانێ و ئەندامانی کۆنگرەی ستار بە توندی ئیدانەی کوشتنی ژینا ئەمینی دەکەین، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشانگایەتی ژنان ڕاپەڕین دەستیپێکردووە، نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو هەموو ژنانی جیهان پشتگیری دەکەن، ئێمە ئەمڕۆ لە ناوچەی ژنی ئازاد دەڵێین شەرەف و ناموسمان قژ و لەچک نییە بەڵکو خاک و وڵاتی ئێمەیە".
حەسەکە
کۆنگرەی ستاری شاری حەسەکە چالاکیەکی ناڕەزایەتی ڕێکخست چالاکییەکە لە ناوەندی کۆنگرەی ستار لە گەڕەکی ناسرەی حەسەکە بەڕێوەچوو ژنەکان وێنەی ژینا ئەمینی و ئانوش ئاپیتایان بەرز کردەوە.
نیدا ساڵح، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستاری کانتۆنی حەسەکە، ئاماژەی بەوەکرد کە سیاسەتی دژی ژنان بەردەوامە و داوای یەکگرتنی ژنانی سەرتاسەری جیهانی لە دژی ئەو سیاسەتانە کرد و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: " ئێمە هەموومان مەهساین، ئەمڕۆ ئەگەر ژن کۆیلە بێت هەموومان کۆیلەی سیستەمە دەسەڵاتدارەکانین، ئێمە بە ڕێکخراوەیی خۆمان ڕێگە نادەین بە پاساوی هەڵە ژنان بکوژێن، کوشتنی خەڵکیان بۆ خۆیان حەڵاڵ کردووە و ئەوان بەرژەوەندی خۆیان بە ناوی ئایینەکانەوە جێبەجێ دەکەن و دەیانەوێت کۆمەڵگایەکی کۆیلە دروست بکەن، بەڵام هەتا ژنێک لەسەر زەوی هەبێت، ئەوا بۆ مافی خۆی دەجەنگێت، داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە لە دژی سیستەمی قڕکردن پێکەوە هەستن".
ئینتسار ئەلحەمادی، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە گەڕەکی غوێران، پیرۆزبایی لە ڕاپەڕینی ژنانی ئێران کرد و وتی: " ئێمە پشتگیری لە ڕاپەڕینی ژنان دەکەین لە ئێران، کات کاتی ئازادی هەموو ژنانی جیهانە لە بەربەستەکانی کۆیلایەتی و دەسەڵاتداریی، هەموو ژنێک دەبێت مافی خۆی بەدەست بهێنێت بۆ ژیانێکی ئازاد، ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنان لە مەیداندا دەبین بۆ ئازادی هەموو ژنان و بۆ گۆڕینی هۆشیاری زاڵ ئێمە هۆشیارییەکی ئەخلاقیمان دەوێت کە هەمووان بتوانن بە ئاسوودەیی و ئازادانە بژین، دەمانەوێت هەموو ژنان پشتگیری ژنانی ئازاد بکەن بۆ ئەوەی سیاسەتی دژ بە ژنان لەناوبەرن".
چالاکیەکە بە کردنەوەی ئاگر و سوتاندنی حیجاب و بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.