ڕوپاک ئەحمەد: لە ڕێی ڤیدیۆ کلیپەوە ژنان بە کاڵا دەکرێن
هونەرمەندان ڕوویانکردووەتە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆ کلیپانەی کە ژنان تێیدا وەک کاڵا نمایش دەکرێن، ڤیدیۆ کلیپیەکان نە لەگەڵ کلتوری کوردی دەگونجێ نە تایبەتمەندیکیشی تێدایە ئەوەش زۆرینەی هاووڵاتیانی نیگەران کردوەو لە بەرامبەردا وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاری ڕاگرتنی ئەو جۆرە بەرهەمانەی داوە و هەر هونەرمەندێکیش پابەند نەبێت ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

شنیار بایز
سلێمانی- بەناوی پێشکەوتنی هونەر و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگای کوردی چەندین هونەرمەند بەرهەمی نەشیاو لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکەنەوە، لە نێو ڤیدیۆکلیپەکانیشیاندا وشەی نەشیاو بەکاردێنن، زۆربەی هۆنراوەکان هیچ واتایەکی نییە وەک بڵێی کۆمەڵێک قسەبن و نرابێتن پێکەوە، لە هەمووی دیارتر بەکارهێنانی ژنانە وەک مۆدێل و کاڵایەک لەناو ڤیدیۆ کلیپەکانیاندا.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمانە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و دەروونی تاک بە تاکی گەنجی کوردە، هەر بۆیە لە پاش بڵاوکردنەوەی یەکێک لە بەرهەمەکان کە دوێنێ شەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوەوە، هاووڵاتیان بە یەک دەنگ داوای ڕاگرتنی ئەم جۆرە بەرهەمەیان دەکرد هەروەها لەلایەن هاوڵاتیانەوە پەنا برایە بەر لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان و داوایان کرد بەرهەمەکە بسڕدرێتەوە.
هەر بۆیە ڕوپاک ئەحمەد، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی ئەم بابەتە ڕاگەیەنراوی تایبەتی بڵاوکردەوە کە دەبێت ئەم جۆرە بەرهەمانە ڕێگرییان لێبکرێت، ئەو ئەندام پەرلەمانە لە لێدوانێکی بۆ ژنها ڕایگەیاند:
"ڤیدیۆ کلیپێکە تەنها بۆ تێکدانی هزری گەنجانە"
ڕوپاک ئەحمەد وتی: "دوێنێ ڕووبەڕووی سکاڵای هاوڵاتیان بووینەوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆ کلیپەی کە هەموو ڕێچکەیەکی شکاندبوو، لەگەڵ کلتوری کوردی نەدەگونجا، لە ڕووی یاسایشەوە بەرهەمێکی نایاسایی بوو چونکە سوکایەتی بە ژنان دەکرد و وەک کاڵایەک ژنان بەکار هێنراوبوو، ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان بە وەزیری ڕۆشنبیرییەوە کرد تا لێپێچینەوە بکەن لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە، ئەم هەوڵانە وایکرد وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگە نەدات هیچ کام لە کەناڵەکان ئەم ڤیدیۆکلیپە پەخش بکەن هەروەها ئەمڕۆ بە ڕاگەیەندراوی فەرمی ڕێگری لە هەر سایت و کەناڵ و سایتەکانی یوتیوب کرا کە خۆیان بێبەش بکەن لە بڵاوکردنەوەی ئەم کلیپە دەنا ڕووبەڕووی یاسا و لێپێچینەوە دەبنەوە".
"هونەر دەبێت لە خزمەت کۆمەڵگەدا بێت"
ڕوپاک ئاماژەی بەوەدا هەر بەرهەمێکی هونەری بڵاودەکرێتەوە دەبێت خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و بە ئاڕاستەیەکی تەندروستدا بیبات نەک ببێتە مایەی تێکدانی کۆمەڵگە، بەڵام ئەم هونەرمەندانە زۆر بێ مستەوایانە هەڵدەستن بە دروستکردنی کلیپی لەوجۆرە و شانازی پێوەدەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو ئەمە پێشکەوتن نییە، هەروەها هەموو میللەتێک بە پاراستنی کلتوری خۆیەوە جوانە، تا لە جیهاندا بەو کلتورە بناسرێتەوە بەڵام تێکچونی کلتور وا لە گەنج دەکات ژیان تەنها بە هەوەسێک تێبگەن.
لە کۆتایدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاری داوە لە داهاتوودا ئەو هونەرمەندانەی کلیپی لەوجۆرە بڵاودەکەنەوە بەرهەمەکانیان ڕادەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە بۆ ئەمجاریش هونەرمەندەکە دەدرێتە دادگاو لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.