ڕوکسەن محەمەد: یەپەژە وەک دوو تابور پەسەند کراوە بەڵام لە کرداردا هەنگاو نەنراون

ڕوکسەن محەمەد، وتەبێژی یەپەژە، پێگە، ناسنامەی فەرمی و داهاتووی یەپەژەی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، کە دواخستنی دانیپێدانانی فەرمی لە یەپەژە پاشگوێخستنی مافەکانی ژنانە، هەروەها داوای لە حکومەتی کاتیی سووریا کرد کە پێگەو مافەکانی ژنان مسۆگەر بکات.

ئاڤرین ناڤدار

 

حەسەکە- دوای گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا، داهاتووی یەپەژە بووەتە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆ، سەرەڕای دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و گفتوگۆکان دەربارەی بەشداربوونی شەڕڤانانی ژن لە شێوەی یەکینەکانی ئەرکی تایبەتدا، هێشتا گەلێک پرسیار دەربارەی پێگەی فەرمی، ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەم یەکینانە هەن، لەم چوارچێوەیەدا، دانیپێدانانی فەرمیی یەپەژە، پاراستنی مافەکانی ژنان بە مسۆگەری دەستووری و جێگێربوونیان لە ئاستی فەرماندەیی سەربازی و ئاسایشدا گرنگییەکی تایبەت دەگرێت.

 

ڕوکسەن محەمەد، وتەبێژی یەپەژە دەربارەی پێکهاتەکانی دانوستانەکان، هەنگاوە نراوەکان و داهاتووی ڕۆڵی ژنان لە سیستەمی نوێی سەربازی و ئاسایشیی سووریادا، وەڵامی پرسیارەکانی ئەڤرین ناڤدار، سەرنووسەری ئاژانسەکەمان دایەوە.

 

پاش ئەوەی بەشداربوونی یەپەژە لە ناو سوپای سووریادا قبوڵ نەکرا، لە دانوستانەکاندا کە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کران، لەسەر دامەزراندنی یەپەژە وەک یەکینەکانی ئەرکی تایبەت ڕێککەوتن کراوە، لە هاوکێشەکانی ئەم بابەتەدا چی پێکهاتێک هەیە؟

بابەتی یەپەژە واتە پرسی ژنان بە گشتی بابەتێکی زۆر گرنگە، یەپەژە هێزێکە کە بە ساڵان و تێکۆشانی خۆی ناسراوە و دەستکەوتی زۆری بەدەست هێناوە. یەپەژە کە وەک هێزی ژنان لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگایەتی کردووە، خاوەن گرنگییەکی مەزنە، بێگومان دەبوو یەپەژە لە ناو سوپای سووریادا قبوڵ بکرابایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی یەپەژە خاوەن هێزێکی پاراستنی مەزنە، لە ناو سوپای سووریادا قبوڵ نەکرا  چەند مانگێکە لەسەر ئەم بنەمایە دانوستان لە نێوان ئێمە و وەزارەتی ناوخۆی سووریادا دەکرێت، دوایین جار وەک دوو کەرت کە هەر یەکێکیان نزیکەی ٤٠٠ شەڕڤان لەخۆ دەگرێت، پەسەند کراوە، کەرتێکیان سەر بە پارێزگای حەڵەبە و لە کۆبانێ و عەفرین جێگیر دەبێت، کەرتەکەی تریش لە جخیرە سەر بە پارێزگای حەسەکە دەبێت، ئەمەش وەک کۆمەڵە پەسەند کراوە، کە لە ئەرکە تایبەتەکاندا شوێنی خۆی بگرێت.

 

تۆماری هەزار و ٤٨٤ شەڕڤانەکەمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ نارد، لەوانەیە وەک دوو کەرت وەرگیرابن، بەڵام هێشتا هەنگاوی کردەیییان نەناوە و ئەمەش دواکەوتنێکیشە، هەردوو کەتەکە دەگوازرێنەوە بۆ ئەرکی تایبەت بە گشتی، پێویستە تایبەتمەندی ئەم هێزە لەبەرچاو بگیرێت، چونکە ئەم هێزە تایبەتمەندی و ئەزموونێکی گەورەی هەیە، پێویستە ڕۆڵ و ئەرکێکی گەورەی پێبدرێت لە هەر شوێنێک بەشداری بکات، هەموو شەڕڤانێکی یەپەژە هەم لە ڕووی ڕێکخراوەیی و هەم لە ڕووی دەروونییەوە ئامادەیە، هەر بۆیە ئەم هێزە تایبەتمەندییەکی هەیە.

 

”یەپەژە نوێنەرایەتیی هێزی ژنان دەکات”

قبوڵکردنی یەپەژە لە شێوەی دوو یەکینەی جیاوازدا، لە جیاتی یەک تیشک (لیوایەک)، چۆن دەسەنگێنرێت، ئایا ئەمە گۆڕانکاری لە ڕۆڵی یەپەژەدا دروست دەکات؟

بێگومان یەپەژە ئێستا لە ناو ئەرکە تایبەتەکاندا نەک وەک لیوایەک، بەڵکو وەک دوو کەرت قبوڵ کرا، سەرەڕای ئەوەی یەپەژە هێزی خۆی سەلماندووە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە بەرامبەر بە ژنان و هێزی پاراستنی ژنان دیدێکی بچووککردنەوە و کەمکردنەوە لە لایەن حکومەتی کاتیی سووریاوە هەیە، ئەو هێزانەی یەپەژەش کە لە ناو کەرتەکەدا جێگیر نابن، لە ناو ئاساییشدا جێگیر ببن، پێویستە لە پرۆسەی داهاتوودا باسی ئەم بابەتە بکرێت، زۆرجار دەڵێین یەپەژە ژمارە نییە، بەڵکو بیرۆکە و میراسی خەباتە، یەپەژە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ژنان دەکات، ئێمە هێزێکی خاوەن بیرۆکە و ئەزموون و شارەزایین، ژمارە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە نوێنەرایەتی ژنان و پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەیە، پێویستە خەڵک و ڕای گشتی بزانن یەپەژە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ چۆن ئەو بەرپرسیارێتییە ڕەوشتی و فیکری و مەعنەوییەی لە ئەستۆ گرتووە و چۆن بەردەوام دەبێت.

 

”دەبێت حکومەت لە بابەتی یەپەژەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەییدا دانوستان بکات”

ئایا ئێوە دواکەوتنی ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی کاتیی سووریاوە چۆن هەڵسەنگێنن؟

دوا جار ئێمە تۆماری هەزار و ٤٨٤ شەڕڤانمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ نارد، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو هەفتە هشتا هیچ وەڵامێک نەهاتووە، ڕاستە یەپەژە وەک دوو کەرت دیاری کران، بەڵام ئەمە بەو ەاتایە نییە کە دۆزی یەپەژە کۆتایی هاتووه‌ یان چارەسەر بووە، هێشتا گەلێک شت هەن کە پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و هێشتا هەنگاو هەن کە دەبێت بنرێن، لەبەر ئەوەی ئەو دانوستانانەی دەکرێن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەکرێن، دواکەوتن دروست دەبێت. لەم نێوەندەدا ئێمە دەبینین کە حکومەتی کاتیی سووریا تا چەند بابەتی ژن و مافی ژن بە هەند وەردەگرێت.

 

هۆشیاریی ئێستا بوونی، هێز، تێکۆشان و ڕێکخستنبوونی ژن قبوڵ ناکات. ئەگەر نێوەندگیر هەبێت، ئەوا هەنگاوەکان زۆر دوادەکەون، چونکە پرسی ژن و یەپەژە پرسی بنەڕەتییە، دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەیی یەپەژەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام ئەمە پێکنایەت، دواخستن و پاشگوێخستنی ئەم دۆزە، بە واتای پاشگوێخستنی مافەکانی ژنان و بێڕێزیکردنە بەرامبەر بە ژنان، دۆسیەی یەپەژە نوێنەرایەتیی بوونی ژنانە، ئەگەر ژن خۆی دەربارەی مافەکانی خۆی و داهاتووی خۆی نەکەوێتە ناو دانوستانەکانەوە، ئەوا دروستکردنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ئەستەمە، چونکە ژن نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە دەکات، دەبێت حکومەتی کاتیی سووریا لە بابەتی یەپەژەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەییدا دانوستان بکات.

 

”مافی ژن مافێکی نەگۆڕە”

بۆ ئەوەی پێگەی یەپەژە لە سووریا بە شێوازێکی ئاشکرا بناسرێت و بە مسۆگەری دەستووری بپارێزرێت، ئایا ئێوە کار، پرۆژەی تایبەت یان کاری جیاوازتان دەست پێکردووە؟

ئیمە نزیک دەبینەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بێگومان دەبینین کە سیستەمە هەنووکەیییەکان بە شێوازێکی ڕێکوپێک توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بەکاردەهێنن و دەستدرێژی دەکەنە سەر مافەکانی ژنان، لەم سەدەیەدا وەڵامی ژنان لە بەرزترین ئاستدایە، ژنان وتیان: ئیمە بوونێکین و کەس ناتوانێت لەسەر پرسی ئێمە بڕیار بدات، خۆمان مافەکانی خۆمان و گەلەکەمان دەپارێزین، یەپەژەش ئەمەی سەلماند، کە ماف، بوون و ئازادیی ژن بۆ ئێمە بنەمایە، هەموو شەڕڤانێکی ئێمە، لە ڕووی کەسایەتی، هۆشیاری و خاوەنداریکردن لە خۆبوونی خۆیەوە خۆی قوڵ دەکاتەوە و دەزانێت چۆن مافەکانی خۆی و گەلەکەی بپارێزێت، ژنان لە زۆر بواردا سەلماندوویانە کە بوونیان لە هەموو مەیدانێکدا دەبێتە بەردەوامیی ئاشتی، ئەمنی و دادپەروەری، مافی ژن مافێکی نەگۆڕە، بۆیە تێکۆشانی ئێمە هەمیشە بەردەوام دەبێت.

 

پێویستە لە یاسا دەستوورییەکاندا مافەکانی ژنان لە هەموو لایەنێکەوە جێیان ببێتەوە، بۆ نموونە لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیمانی کۆمەڵایەتیی ژنان هەبوو و گەلێک ماددەی تێدایە کە مرۆڤ دەتوانێت لە دەستووری سووریا نوێدا سوودی لێ وەربگرێت، ئێمە ئەمە لە ناو مەیدانەکانی پاراستندا دیاری دەکەین کە هەم لە دەستووری سووریادا و هەم لە ڕووی سیاسی، یاسایی، پاراستن و ئەمنییەوە دەبێت ژن هەبێت، پێویستە ئەم شتانە تەنها لە قسەدا نەمێنن، بەڵکو جێبەجێ بکرێن، بێگومان ئێمە تێکۆشانی ئەمە بەڕێوە دەبەین.

 

”دەبێت حکومەت ویست و دۆزی ژن بناسێت”

لە کاتە دواکەوتووەکاندا، لە بواری ئاسایش و بوارەکانی تری ئەمنیدا، بەتایبەتی لە کۆبانێ، هەنگاو بۆ دیاریکردنی ژنان لە ئاستی فەرماندەییدا نراون، ئێوە ئەم هەنگاوانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ هەروەها ئەگەر ژنان لە بواری سەربازی و پاراستندا بە شێوازێکی یەکسان و کاریگەر جێگیر نەبن، ئایا ئەمە لەو سیستەمەی کە دروست دەکرێت، چ کێشە و گرفتێک دەهێنێتە ئاراوە؟

بێگومان دیاریکردنەکانی دوایی کە لە کۆبانێ کراون ئەریین، بەڵام بەس نیین، هەنگاوگەلێکی زۆر بچووکن، دەبینین کە لە پەرلەمانی سووریادا کوتای ژنان زۆر کەمە، لە وەزارەتەکاندا بوونی ژن نییە و لە شوێنەکانی بڕیاردانیدا بوونی ژن نییە، ئەمە مەترسییەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە ئەمە هەڕەشە لە کۆمەڵگەش دەکات، چونکە ئەو کەسەی چەند و تەبایی کۆمەڵایەتی دەپارێزێت ژنە، بەڵام لە سوپای سووریادا بوونی ژن نییە، تەنها پیاوان لە پێشەوەن، ئەگەر لە بواری ئەمنیشدا تەنها پیاو هەبێت و بڕیار تەنها لەلایەن پیاوانەوە بدرێت، ئەوا مەترسیی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەبەر ئەوەی بوونی ژن لەناو دەبات، دەبێت ژن لە مەیداندا جێ بگرێت، تەنها بە شوێنێکەوە سنوردار نەبێت، ئەو هەنگاوانەی دەنرێن بە واتای لەناوبردن و پەراوێزخستنی ژنن.

 

بۆیە دەبێت حکومەت ویست و دۆزی ژنان بناسێت، ئەگەر دەیانەوێت بۆ سووریا سیستەمێکی نوێ دروست بکەن، دەبێت بەتایبەتی لە ئەمنی و پاراستندا ژن خاوەن بڕیاردان بێت، لەبەر ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونی یەپەژە بووە هۆی ئەوەی ناوچەکە بپارێزرێت و سیستەم دروست ببێت، گەلێک دەستکەوت بەدەست هاتن کە ئەمڕۆ ژنانی جیهان وەک نموونە سەیریان دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەم تێکۆشان و دەستکەوتەدا، نزیکایەتی بەرامبەر بە یەپەژە ئەوە بێت، ئەوا بە واتای ئەوەیە کە هۆشیاریی ڕژێمی بەعس هێشتا بەردەوامە، بەرامبەر بە دۆزی ژن هەمان هۆشیاری دووبارە دەبێتەوە، ئەم هۆشیارییە مەترسییەکی گەورەیە و دژ بە بوون و فرەڕەنگیی کۆمەڵایەتییە، گەلێک یاسای نێودەوڵەتی هەن کە حکومەت واژۆی لەسەر کردوون بۆ ئەوەی مافەکانی ژنان مسۆگەر بکەن، ئەمە وەک کەمکردنەوەیەکە، دەبێت بزانرێت کە ئەمە هێرشە بۆ سەر دۆزی ژنان، پێویستە حکومەت جارێکی تر بابەتی ژن بەسەر بكاتەوە و ڕاستی ژن ببینێت، بابەتی ژن، بابەتێکە کە مرۆڤ ناتوانێت لەم سەدەیەدا پشتگوێی بخات، دروستکردنی سووریایەکی دیموکراتیک، تەنها بە ناسینی بوونی ڕاستەقینەی ژنە، هەتوەها مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان، دەبێتە هۆی ئەوەی دۆزی ژن مسۆگەر ببێت.