ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ؛ کوژرانی ١٣٠١ کەس و لە نێویاندا ٢٢ منداڵ و ٤٠ ژنی بەڵگەدار کرد

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، سووریا زیادبوونێکی ترسناکی لە خێرایی توندوتیژی و تاوانە خێڵەکی و تۆڵەسەندنەوەکان بەخۆوە بینیوە، هەروەها کوژرانی ١٣٠١ کەس و لە نێویاندا ٢٢ منداڵ و ٤٠ ژنی بەڵگەدار کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئامارەکانی کوشتن لە شارە جۆربەجۆرەکانی سووریادا بەڵگەدارکراون، وە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی دۆخی نایاسایی و توندبوونەوەی توندوتیژی سیستماتیکن، لە نەبوونی دامودەزگاکانی دەوڵەت و میکانیزمی ڕێگری یاسایی، ئەمەش هەڕەشەی بەردەوامکردنی سووڕی تۆڵەسەندنەوە و تێکدانی چانسی سەقامگیری و ئاشتی مەدەنی لەو وڵاتە دەکات.

 

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سووریا چووەتە قۆناغێکی داڕمانی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمەکانی دادپەروەری و لێپرسینەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی پەرەسەندنێکی بێ وێنە لە شێوازەکانی توندوتیژی و تاوانەکانەکان کە سروشتی تۆڵەسەندنەوە و خێڵەکییە، وەک لە لایەن ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤەوە بەڵگەی لەسەرە.

 

داتا مەیدانییەکان ئاماژە بە فراوانبوونی مەودای پێشێلکارییەکان دەکەن کە خەڵکی مەدەنی لەسەر بنەمای سیاسی، ئایینی یان کۆمەڵایەتی دەکەنە ئامانج، لە نەبوونی نزیکەی تەواوەتی هیچ دەسەڵاتێک کە توانای جێبەجێکردنی یاساکەی هەبێت، ئەمەش بووەتە هۆی بێ سزای بەرفراوان و نەمانی بناغەکانی ئاشتی مەدەنی.

 

''پەرەسەندنی تاوانە خێڵەکی و تۆڵەسەندنەوەکان''

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی شەممە ٨ی تشرینی دووەم، بەدیکرد کە خێرایی کوشتنی تۆڵەسەندنەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ەوە بەرزبووەتەوە و سەدان کوشتن بە توندوتیژیی زیادەڕۆیی تایبەتمەند بووە، لەوانە شێوازەکانی وەک تەقەکردنی ڕاستەوخۆ، چەقۆ، بۆردومان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و کوشتن لەسەر بنەمای ناسنامە، ئەم تاوانانە خراپی دۆخی ئەمنی و بەردەوامی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و گرژیی خێڵەکی نیشان دەدەن لە نەبوونی ڕێگری یاسایی.

 

لە دوای ڕووخانی ڕژیمەوە تا ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە، ڕوانگەی سووری کوژرانی ١٣٠١ کەسی لە تاوانەکانی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە جیاوازەکاندا بەڵگە کردووە، کە ٢٢ منداڵ و ٤٠ ژن بوون، ئەویش لە دارا، دیمەشق، تەرتوس، حەلەب، ئیدلیب، حەما و دێرەزوور.

 

بەگوێرەی داتاکان، ژمارەی گیانلەدەستدان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ١٦٠ کەس بووە، بەم شێوەیە، لە مانگی کانوونی دووەمدا ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزبووەتەوە بۆ ١٩٤ کەس، دواتر مانگی شوبات ١١٣ قوربانی، مانگی ئادار ١٤٤ کوشتن، مانگی نیسان ١٣٧ کوشتن، مانگی ئایار کوژرانی ١١٠ کەس، مانگی حوزەیرانیش بە ١٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

توندوتیژییەکان لە ماوەی نیوەی دووەمی ئەمساڵدا بەردەوام بوون و ڕوانگەش لە مانگی تەمموزدا ٩٢ حاڵەت و لە مانگی ئابدا ٩٧ حاڵەت و لە مانگی ئەیلولدا ٧٠ حاڵەت و لە مانگی تشرینی یەکەمدا ٦٧ حاڵەتی مردنی بەڵگەدار کردووە، سەبارەت بە مانگی تشرینی دووەم ژمارەی قوربانییەکان تا ٨ی مانگ گەیشتە ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان.

 

''هۆشداری و پێشنیارەکان''

ڕوانگەی سووری هۆشداریدا لەوەی کە ئەم تاوانانە چیتر ڕووداوی گۆشەگیرنین، بەڵکو بوونەتە بەشێک لە شێوازێکی سیستماتیکی توندوتیژی کە هەڕەشەی بەردەوامکردنی سووڕێکی تۆڵەسەندنەوە و دژە توندوتیژی دەکات، جەختیشی لەوە کردەوە، کە نەبوونی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە و ڕێکارە دادوەرییەکان کەشوهەوای بێ سزایی بەهێزتر دەکات و متمانە بە دامەزراوەکانی دادپەروەری لاواز دەکات.

 

ڕوانگەیه سووری داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف و هەروەها بەهێزکردنی میکانیزمەکانی دادپەروەری گوازراوە و پاڵپشتی لە بەرنامەکانی ئاشتەوایی کۆمەڵگە و ڕێگەدان بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ قوربانییەکان کردوە، ئاماژەی بەوەشدا، گەڕاندنەوەی سەروەری یاسا و بەهێزکردنی لێپرسینەوە دوو مەرجی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سووریا و دڵنیابوون لەوەی ئەو پێشێلکارییانەی کە تووشی کۆمەڵگای سووریا بوون زیاتر لە دە ساڵە دووبارە نابنەوە.