بەهۆی برسێتیەوە داوای وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە دەکرێت

دوای هەشت مانگ لە شەڕی بەردەوامی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، ٧٠ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوایان لە دەسەڵاتدارانی فەرمی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بە فەرمی برسێتی لە غەززە ڕابگەیەنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٦ی ئایار، ٧٠ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوایان لە دەسەڵاتدارانی فەرمی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، سەرەڕای ئەوەی چەند بارهەڵگرێکی یارمەتی مرۆیی چەند مانگێکە دەچێتە کەرتی گەمارۆدراوی غەززە، بەڵام پێویستە بە فەرمی برسێتی لە کەرتی غەززە ڕابگەیەنن.

 

ئەو ڕێکخراوانەی کە ڕاگەیەندراوەکەیان واژۆ کردووە، لەنێویاندا یۆرۆ-دەریای ناوەڕاست بۆ مافەکانی مرۆڤ، پشتڕاستیان کردەوە کە ئاستی نائاسایشی خۆراک لە سەرانسەری کەرتی گەمارۆدراوی غەززەدا زۆر خراپتر دەبێت، بەهۆی پێداگریی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر ئەنجامدانی تاوانی برسیکردن و بەکارهێنانی چەکی شەڕ لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بێ بەرگری.

 

ڕێکخراوەکان بە بەڵگە تێکچوونی جددی ئاستی ئاسایشی خۆراکیان خستووەتەڕوو، کە بەهۆی هێرشە زەمینییەکەی هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری ڕەفعەت لە باشووری کەرتی غەززە دروستبووە و جەختیان کردەوە، "پێویستە دەستبەجێ هێزەکانی ئیسرائیل پابەند بکرێت بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنە خۆپارێزییانەی کە دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێویستی هێشتنەوەی دەروازەی ڕەفەح بە کراوەیی بۆ چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتەکە ڕاگەیەندراوە".