ڤیان مایی سینەماکاری کورد داوای پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەکات
ڤیان مایی، سینەماکاری کورد کە لە سوید دەژی، کاردانەوەی بەرامبەر بێدەنگی نێودەوڵەتی نیشان دا و داوای خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا کرد.
ناوەندی هەواڵ
لەلایەک هێرشەکان بۆ سەر گەلی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا بەردەوامن، لەلایەکی دیکەشەوە پەیامەکانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا ڕوو لە زیادبوونە، ڤیان مایی، سینەماکاری کورد کە لە سوید دەژی، کاردانەوەی بەرامبەر بێدەنگی نێودەوڵەتی نیشان دا و داوای خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کرد.
ڤیان مایی کێیە؟
ڤیان مایی، سینەماکار، بۆ نوژنها دوا و وتی: من ژنێکی کوردم، هەمیشە شانازی بە کوردایەتیی خۆمەوە دەکەم، شانازی دەکەم کە ژنم، من سینەماکارم، کە هێشتا منداڵ بووم، لە گوند بووم، چیرۆک لە ماڵی باوکم دەگێڕدرایەوە، لە مێشکمدا فیلمێکم دروست دەکرد، هەرچەندە فیلمم نەبینیبوو، دوای ئەوەی بیستم سینەما هەیە و گەیشتمە شاری موسڵ دەستم کرد بە نووسینی چیرۆک.
ڤیان مایی باسی لەوەشکرد، دوای تێپەڕبوونی ساڵان، بووە بە دایک و لە وڵاتی سوید، دەرفەتی بۆ ڕەخسا و سینەماکاری خوێندووە، وتی: خەونەکانم هاتنە دی، هاتمە باشووری کوردستان و دەستم کرد بە فیلمسازی، تا ئێستا ٧ فیلمم دروست کردووە، یەکەم فیلمم ناوی "نامە"بوو، لەگەڵ گروپێکی سویدی دروستم کردووە. پاشان گەڕامەوە بۆ وڵاتەکەم و ٦ فیلمی ترم لە ماوەی ١٤ ساڵ دروست کرد، جگە لە فیلمی "نامە". هەموو فیلمەکانم بە زمانی کرمانجین، چەندین خەڵاتی کوردی و نێودەوڵەتیم وەرگرت، بە تایبەتی فیلمەکانی 'کچی کورد' و 'کێڤۆکە سپی' سەرنجی زۆریان خرایەسەر.
گروپی چل کەزی دامەزراند
ڤیان مایی کچانی کوردی کۆکردەوە و گروپی چل کەزی دامەزراند، وتی: لەبەرئەوەی من لە دهۆک دەژیام، بینیم کە هێشتا شەرمەزارییە بۆ ژنان گۆرانی بڵێن،هەر بۆیە چوومە زۆرێک لە پێشانگای هونەرە جوانەکان، حەزم دەکرد ئەو کچانە بناسم کە خەریکی خوێندنی مۆسیقان، ناونیشان و ژمارەی تەلەفۆنیان لێوەربگرم، بەڵام پێیان نەدام. وتیان لە خیزانەکانیان دەترسن، هەروەها لە فەیسبووک نووسیم و وتم کۆمەڵێک گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنی ژن پێکدەهێنین، لە ماوەی هەفتەیەکدا ٦٤ کەس لە ئێزیدی و موسڵمان و مەسیحی ناوەکانیان بۆ نووسیم، مامۆستا و شوێنمان بەخۆڕایی دابین کرد، زیاتر لە دوو ساڵ گۆرانی گەلەری، گۆرانی فۆلکلۆرمان دەوتەوە، کچەکان زۆر نازدار بوون. لە ئەنجامی دەنگداندا، بە زۆرینەی دەنگەکان ناومان نا چل کەزی.
"من دەبینم لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دیموکراسی لە سیستمەکەدا هەیە"
ڤیان مایی هەستی خۆی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوا دەربڕی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمەی کورد لە ژیاندا زۆر گۆڕانکاریمان بەسەردا هاتووە، کاری شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانە. بێگومان شانازییەکی گەورەیە کە ژنی بەرپرس و بەڕێوەبەر و سیاسەتمەدار و خەباتکار هەبێت، ئەوان نیشانیان داوە کە ژنان دەتوانن هەر کارێک بکەن، من ژنێکی کوردم، زۆر هەست بە شانازی دەکەم و هەمیشە بە بۆچوونی من ئەمە خزمەتێکی پیرۆزە، من دەبینم لە ڕۆژئاوای کوردستان دیموکراسییەکی زۆر لە سیستمەکەیاندا هەیە و هەموو گەلان پێکەوە دەژین، باشترین شت ئەوەیە کە لەوێدا هونەر پەرەی سەندووە، فیلم و کلیپ و گۆرانی و مۆسیقا پەرەیان سەندووە، بەڕاستی ئەمە جێگەی شانازی و سەرکەوتنە.
"ڕاگەیاندنی ئەوروپا کوێرە بەرامبەر بە داواکاری کورد"
ڤیان مایی ئاماژەی بەوەکرد، ڕاگەیاندنەکانی سوید هیچ کاتێک باسی کورد ناکەن و بەم قسانه دڵتەنگی خۆی دەڕبڕی: ناوی کورد ناهێنن، تەنها باسی سووریا و گۆرانی ئەسەد دەکەن کە لە کوێیە و چۆن دەژی، چەتەکان باس لەوە دەکەن کە چۆن دەسەڵات بەدەست دەهێنن، چۆن یارمەتییان دەدرێت، بەبۆچوونی من ئەوانیش ڕاستی دەزانن، کورد دەبێتە خاوەن دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی ژن، ئەوان دەبنە نموونە لە جیهاندا، هەر بۆیە بازرگانانی چەک وەک ئەم وڵاتانە کە تاکە بیرۆکەیان فرۆشتنی چەکە، حەزیان لە ئێمە نییە. ئەوان وڵاتی ئێمە نین، بۆ فرۆشتنی چەک، گروپ پێکدەهێنن، تیرۆریستان ئامادە دەکەن، واتە دەتوانین بڵێین ڕاگەیاندنی ئەورووپا دژ بە کورد و دۆسیەکەی و ئەو باجەی کە کورد دەیدا بە داخەوە خۆی کوێر دەکات، ئەوان گرنگی بەو کۆمەڵکوژییانە نادەن کە بەرامبەر کورد دەکرێت.
بانگەواز بۆ خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوا
لە کۆتایی قسەکانیدا ڤیان مایی شانازی خۆی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا دەربڕی و وتی: بێگومان دۆسیەکە دۆسیەی ئێمەیە، بانگەوازی من بۆ هەموو ژنانی جیهانە بە تایبەت ژنانی کوردستان! خۆتان باش پەروەردە بکەن و ئاگاداری ناسنامەتان بن، خاوەنداری لە ڕۆژئاوا لە باشوور، لە باکوور و ڕۆژهەڵات بکەن، ژیانمان یەکە، بوونمان یەکە، ئێمە یەک نەتەوەین، کۆمەڵکوژی ئەزموون دەکەین، ئیتر بەسە کۆمەڵکوژ دەکریین، چونکە ئێمە تەنها مافی خۆمانمان دەوێت، خاکی خۆمانمان دەوێت، شوناس و زمانمان دەوێت، چیمان بەسەر دێنن، من پشتگیری وڵاتەکەم دەکەم، بۆیە داوا لە هەموو ژنانی کوردستان و جیهان دەکەم پشتیوانی ڕۆژئاوا بکەن، با ڕۆژئاوا سەربکەوێت و نموونەیەک بێت بۆ هەموومان.