سەیدسادق، هاوڵاتیان لە نەورۆزدا ڕوو لە سەیرانگاکان دەکەن
دوێنێ دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی و یەکەم ڕۆژی بەهار بوو، لە تەواوی کوردستان سەرەڕای کەشوهەوای سارد کەسانێکی زۆر ڕوویان لە سەیرانگاکان کرد، لە شارۆچکەی سەیدسادقیش هاوڵاتیان ڕوویان لە سەیرانگاکان کرد و نەورۆزیان پیرۆزکرد.

ئاسودە محەمەد
شارەزوور- دوای کردنەوەی ئاگر لە ٢٠ی ئاداردا، لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی کوردیدا، ٢١ی ئادار هاوڵاتیان ڕوو لە سەیرانگاکان دەکەن و جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن، سەیرانگای دەرەگوڵانی نزیک شارۆچکەی سەیدسادق یەکێکە لەو سەیرانگایانەی ژمارەیەکی زۆر خەڵک ڕووی تێدەکەن و ئاهەنگی تێدا دەگێڕن.
قەدری فەتاح، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، لەگەڵ کچ و کوڕ و خێزانەکەیدا هاتوونەتە سەیران بە دار و کوردەوارییانە چێشتیان ئامادەکردووە، ئەو هیوادارە نەورۆز ببێتە هۆی خۆشی بۆ گەلی کورد.
ڕەوشت ڕێبوار، ژنێکی دیکەیە و ساڵانە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ سەیران و گەشتکردن ڕوو دەکەنە سەیرانگاکان، باسی لەوەکرد ژنان ئەرکیان قورسە و دەبێت لە سەیرانیشدا بە کارەکانی خۆیان هەستن.
شەنگە غەریب پیرۆزبایی خۆی لە گەلی کورد دەکات و باس لە چێژی سەیران و چوونە دەرەوە دەکات لە ڕۆژی نەورۆزدا.
نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی کوردە، مێژووی جەژنەکە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و هەتا ئێستا هەموو ساڵێک وەک جەژنێکی کلتوریی نەتەوەیی کورد یادی دەکرێتەوە.
ت.پ