لە هەڵەبجە ڕۆژی جیهانیی نەخۆشی شەکرە بەرز ڕاگیرا

بە مەبەستی هۆشیارکرنەوەی هاوڵاتیان و گەنجان و ئەنجامدانی پشکنینی شەکرە لە شاری هەڵەبجە چالاکییەک ساز کرا.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هاوکاتی ڕۆژی جیهانیی شەکرە، بەشی پەرستاری پەیمانگای تەکنیکی هەڵەبجە بە هاوکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی چالاکییەک ساز کرد و تیایدا پشکنینی شەکرە ئەنجام درا و ڕێنمایی دەربارەی نەخۆشی شەکرە بۆ خوێندکاران و هاوڵاتیان بڵاوکرایەوە.

 

شنیار ڕزگار، یەکێک لە خوێندکارە بەشداربووەکانە، دەربارەی چالاکییەکە وتی: هەموو ساڵێک لە ١٤ی تشرینی دووەمدا بە چەند چالاکییەک ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شەکرە دەکەینەوە، تیایدا ڕێنمایی خۆپارێزی پێش و دوای تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بڵاودەکەینەوە.

 

سۆما ئازاد، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی پەرستارییە و وتی: چالاکیەکانی ئەمرۆ بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و خوێندکارانە، نەخۆشی شەکرە درێژخایەنە، ئەو کەسانەی دێن بۆ لامان پشکنینیان بۆ دەکەین و ئەگەر کەسێک هەڵگری شەکرە بێت و ڕێژەکەی بەرز بێت، ئاراستەی پزیشکی پسپۆڕی دەکەین.

 

نەخۆشی شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و ساڵانە هاوڵاتیان بەهۆی زیادەڕەوی کردن لە خواردنی شیرینی و خەمۆکی و فشار و چەند حاڵەتێکی دیکەوە تووشی دەبن، کە چارەسەریی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، تەنها لە ڕێگەی دەرمان و خۆپارێزییەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت.