یونیسێف بۆ سودان: پێشێلکاری و بارودۆخی کارەساتبار ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە
نوێنەری سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف دووپاتیکردەوە، ئەو ململانێیەی کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە سودان بەردەوامە، پێشێلکاری و بارودۆخی کارەساتباری بەسەر منداڵاندا هێناوە و ملیۆنان کەسیشی لە خوێندن بێبەش کردووە.
ناوەندی هەواڵ
نوێنەری سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف ڕایگەیاند، لەنێو پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بەو پێشێلکارییە گەورانەی کە بەرامبەر بە منداڵان لە سودان ئەنجام دەدرێن، منداڵان ڕووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە بەهۆی برسێتی یان بۆردوومانی ئاسمانی و زەمینییەوە، ئەو ململانێیەی کە زیاتر لە ساڵێکە لە سودان بەردەوامە، بەهۆی بەردەوامی فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکانی بەردەوامی، سێ جار منداڵانی ناچارکردووە لەگەڵ خێزانەکانیان هەڵبێن، هەروەها ١٧ ملیۆن منداڵیش بێبەش بوون کە دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەو بارودۆخە دڵتەزێنە کرد کە منداڵان لە سودان تێیدا دەژین، جەختی لەوە کردەوە لە هەر سێ منداڵێک یەکێکیان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنێت، زیاتر لە ٣.٧ ملیۆن منداڵیش بەهۆی بەدخۆراکی توندەوە ڕووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ڕایگەیاندووە، لە هەر ٦ کەسێک کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانیان لە خەرتومی پایتەخت چارەسەری وەرگرتووە، یەکێکیان منداڵ بووە، دوو ڕاپۆرتی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە چەندین پێشێلکاری بەرامبەر منداڵان ئەنجام دراون، لەوانە دەستدرێژی سێکسی و بێبەشکردنی پێداویستییەکانی ژیان.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ململانێکان لە سودان بووەتە هۆی زیادبوونی ترسناکی توندوتیژی دژی منداڵان، ئەمەش پێویستی بە ڕێوشوێنی پاراستنی بەپەلە و کۆنکرێتی هەیە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا ڕێکخراوەکە دوو هەزار و ١٦٨ پێشێلکاریی جددی لە دژی منداڵان تۆمار کردووە، کە بەربڵاوترین حاڵەتیان کوشتن و بڕینی جەستە بووە بە ژمارەی هەزار و ٥٢٥ حاڵەت و دامەزراندنی منداڵان و بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕیشدا نزیکەی ٢٧٧ حاڵەت تۆمار کراوە.
جێی ئاماژەیە، ململانێ بەردەوامەکان بووەتە هۆی کۆچکردنی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ بۆ دەرەوەی وڵات لە سنوورەکانەوە، ٥.٨ ملیۆن منداڵ لە ناوخۆدا ئاوارەبوون و بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لەم دواییانەدا لەلایەن ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵانەوە ئاشکرا کراون، نزیکەی ٤٥%ی منداڵانی ئاوارە ناوخۆییەکان لە پەناگە و کامپەکاندا دەژین کە پێداویستییەکانی ژیانیان تیادا نییە و قوتابخانە یان ناوەندێکی چاودێری تەندروستی تێدا نییە.
زیاتر لە ٣.٢ ملیۆن کچی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیش مەترسی توندوتیژی سێکسی، دەستدرێژی سێکسی، یان هاوسەرگیری بەزۆر یان کەم تەمەنیان لەسەرە، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و ئابوورییەی کە بەهۆی ململانێ بەردەوامەکانی سودانەوە دروستبووە.