بەهۆی لافاوەوە لە ئێران ٩ کەس گیانیان لەدەستدا
باران بارین لە چەند شارێکی ئێران بووە هۆی دروستبوونی لافاو و گیان لەدەستدانی ٩ کەس، ٥ کەسیش بێسەرشوێنن گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/04/20240418-20240418-20240417-download-260-jpgc1b3bb-image-jpg392c33-image-jpgc9a3ac-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئاژانسی هەواڵی فەرمی "ئیرنا"ی ئێرانی ڕۆژی ١٧ی نیسان، پشتڕاستی کردەوە ٩ کەس بەهۆی باران بارین و دروستبوونی لافاو لە شارەکانی سیستان و بەلوچستان و هورموزگان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، گیانیان لەدەستداوە و ٥ کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا ئاماژەی بەوەداوە، لافاوەکە بووەتە هۆی بڕینی هێڵی کارەبا کە شار و گوندەکانی سیستان و بەلوچستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، باران و لافاو لە ٢٢٨ گوند لە ناوچە جۆراوجۆرەکان کارەبای بۆ ٤٤٥ گوندی سیستان و بەلوچستان بڕی، بەهۆی هەوڵی کرێکارانەوە کارەبا لە ٢١٧ گوند بەردەست بوو، بەلام ئەو گوندانەی ژێرئاو کەوتوون گرفتی کارەبایان بۆ دروست بووە.