٣٢ هاوڵاتیانی لە سودان گیانیان لەدەستدا و زۆرینەیان ژن و منداڵن

لە کاتێکدا سودانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە جنێف چاوەڕێی دانوستانی ئاگربەست بوون، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سودان چەندین ناوچەی نیشتەجێبوونی وڵاتەکەیان کردە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوە سیاسییەکان و ئۆرگانەکانی یاسایی و پیشەیی هێرشەکانیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سودان ئیدانە کرد و ڕایانگەیاند کە ئەو هێرشانە نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن.

 

دوێنێ بۆردوومانێکی توندی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سودانەوە کە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی لە ناوچەی دارفور کردە ئامانج، لە شاری 'ئێل داین'ی پایتەختی ویلایەتی دارفۆری ڕۆژهەڵات. هێرشەکە نەخۆشخانەی پەروەردەیی و بازاڕە گەورەکەی کردە ئامانج و بەهۆیەوە ٩ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە ٨یان ژن بوون و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ بوون و هەندێکیان بە سەختی برینداربوون.

 

لەکاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکان شاری تویش سەر بە ویلایەتی دارفۆری باکووریان کردە ئامانج و ژمارەیەک گیان لەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە، هاوکات لە شاری حەسا حیسای سەر بە ویلایەتی ئەلجەزیرە فڕۆکەکان ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ١٥ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون .

 

سەبارەت بە شاری ئوم دورمان، هێرشەکە گەڕەکەکانی ڕۆژئاوای شارەکەی کردە ئامانج و نزیکەی ٨ کەس گیانیان لەدەستدا کە تەواوی خێزانێکیان تێدابوو.

 

ڕێکخراوە سیاسییەکان و ئۆرگانە یاسایی و پیشەییەکان ئەو هێرشانەیان ئیدانە کرد و ڕایانگەیاند، پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هاوکات هێزەکانی ڕزگاریخوازی سودان کە یەکێکە لەو گروپانەی کە بێلایەنن لە شەڕەکەدا، ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشە مەترسیدارانە لە کاتێکدایە کە سودانییەکان و کۆمەڵگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە جنێف چاوەڕێی گفتوگۆکردنن.

 

لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هێزە چەکدارەکان کراوە دەستبەجێ واز لە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و نەخۆشخانە و دامەزراوەکان و کەلوپەلی مەدەنی و هەموو ئەو کردەوانە بێنن کە بە یاسای جەنگ یان یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی قەدەغە کراون.

 

لە لایەکی ترەوە یەکێتی مامۆستایانی سودان هێرشی سەربازی بۆ سەر ماڵی مامۆستایەک لە ئوم بەدە شەرمەزار کرد، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامی ئەم شەڕە دڕندانەیە بەبێ ڕێگریکردن بە مەترسی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دادەنرێت و ئاماژەیە بۆ کارەساتێکی ماوە درێژ.