"پێویستە لە ساڵی ٢٠٢٤دا یەکێتی ژنان بەهێز بکەین"

چالاکوانانی مافەکانی ژنان بە تیشک خستنە سەر ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە میسر ڕوویدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٤دا داوای بەهێزکردنی یەکگرتوویی ژنانیان کرد.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- لە میسر، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان بە خێرایی زیادی کردووە، هەروەها ساڵی ٢٠٢٣ وەک ساڵێک لە زیادبوونی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە وڵاتەکەدا تۆمارکرا، ئەمساڵ ژنان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی یاسایەک بۆ پاراستنیان دەربکەن.

 

ژنان و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ٢٠٢٣ی ژنانیان لە میسر هەڵسەنگاند، ڕۆژنامەنووس مادلین نادر ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی ٢٠٢٣ شوێنی چەندین ڕووداو بووە و ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخە و کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە ٢٠٢٣ی بە "ئاڵۆز" ناوبرد، وتی: لەبەر ئەوەی شایەتی توندوتیژی بووین لەسەر شەقامەکان و زانکۆکان هەتا کوشتنی خەڵک، داوا لە ژنان دەکەین کە باسی پێشێلکارییەکان بکەن، بەشێکی زۆری کارەکانمان لە ڕێگەی ئەوەوە بووە کە ئاگاداری ئەوە بین.

 

"دروستکردنی تۆڕ بۆ ژنان گرنگە"

مادلین نادر وتی: زۆرێک لە دامەزراوەکانی وڵاتەکە داوایان کردووە یاسای دژە توندوتیژی پەسەند بکرێت، دەمانەوێت پڕۆژە یاسای باری کەسی لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت و کەموکوڕییەکان نەهێڵن، یاساکانی ئێستا پێشێلی مافەکانی ژنان دەکەن و پێویستە گۆڕانکاری پێویست ئەنجام بدرێت، هەروەها گرنگە بۆ فێمێنیستەکان کە تۆڕێک لە ناو خۆیاندا دروست بکەن بۆ گۆڕینی یاسا، ئەم کارە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی ورد لە بوارەکەدا.

 

"ژنان چەندین سەرکەوتنیان بەدەستهێنا"

پارێزەر جەواهیر تاهیر، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەیشتن بە دادپەروەری لە دامەزراوەی کێشەکانی ژنانی میسر، تیشکی خستەسەر کوشتنی ژنان لە ناوچە گشتییەکان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، وتی: ژنان لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک تێدەکۆشن، ڕێکخراوەکانی ژنان بە سەختی کاردەکەن بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان لە میسر، بەتایبەتی لەسەر بابەتی توندوتیژی یان لایەنی یاسایی، ئەمساڵ چەندین دەستکەوت بەدەستهێندرا وەک ڕەشنووسی یاسای باری کەسی کە لەلایەن دامەزراوەی میسری بۆ کێشەکانی ژنان لەلایەن نوێنەر نەشوا دیب ئامادەکراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە پڕۆژە یاساکەدا کە ئامادەکراوە، واژۆی ٦٠ پەرلەمانتار هەیە، دەرئەنجامی نوێی دیاریکراو هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، وەک گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە لە هەندێک لە یاساکانی بزووتنەوەی فێمێنیستی، هەروەها دەسەڵاتداران یاسای باری کەسییان ئامادە کردووە سەبارەت بە گۆڕانکاری لە هەندێک بارودۆخی وەک خەتەنەکردنی ژنان و هەراسانکردنی زایەندی لە یاسای سزادان.

 

جەواهیر تاهیر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هێشتا ئەنجامێکی ڕوون لە دەرکردنی یاسایەکی یەکگرتوو دژی توندوتیژی نەبووە، گرنگە حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٤دا تیشک بکاتە سەر کێشەکانی ژنان، پێویستە لە ساڵی داهاتوودا یەکگرتوویی ژنان بەهێزتر بکەین.