بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیاوە منداڵێک و دوو ژن بریندار بوون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا بڵاوی کردەوە، بە هۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر تل ڕەفعەت منداڵێک و دوو ژن بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا، داگیرکەران لە بنکەکانیانەوە لە گوندەکانی عەزازەوە، تل ڕەفعەتیان تۆپباران کردووە و لە ئەنجامدا منداڵێک و دوو ژن برینداربوون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بریندارەکان هێشتا لە نەخۆشخانەی تل ڕەفعەتن و چارەسەریان بۆ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوەکە، ناوی بریندارەکان بەم شێوەیەن؛ زەینەب عەلی موسای تەمەن ٥٥ ساڵ، نورا مەمەد حەمدوشی تەمەن ١٦ ساڵ کە خەڵکی کەفەر جەنەی سەر بە شارۆچکەی شەران، هەروەها هۆریە محەمەد وەقفێی تەمەن ٤١ ساڵ کە خەڵکی گوندی قستەڵ میقدادی سەر بە شارۆچکەی بلبلە.