١٢ی ئادار بوو بە تروسکەی شۆڕش

نەفیە ئەسەد شایەتحاڵی ڕاپەڕینی ١٢ی ئاداری ساڵی ٢٠٠٤ی شاری قامیشلۆیە و ئاماژەی بەوەدا، کە ئازاری ١٢ی ئادار بووەتە شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ لەیارییەکی تۆپی پێ لە قامیشلۆ لە نێوان تیپی جیهادی قامیشلۆ و تیپی فتوێی دێرەزور بەڕێوەچوو، بەڵام پلان دژی کورد داڕێژرابوو، کاتێک یاریزانەکان و خەڵک چوونە ناو یاریگاوە گروپە ڕەگەزپەرستەکان کە پێشتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستنیشان کرابوون، بە دروشم و بەرد هێرشیان کردە سەر گەلی کورد، هەوادارانی تیمی فتوێ بەبێ ئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت چەک و بەردیان لەگەڵ خۆیان بردبووە یاریگاوە.

 

پۆلیسی ڕژێم بە هاوکاری یاریزانان و هەوادارانی فتوێ هێرشی کردە سەر گەنجانی کورد و دەیان گەنجی کوردیان کوشت و بریندار کرد، گەلی کورد لە سەرتاسەری ڕۆژئاوای کوردستان و سوریادا ڕاپەرین و هەموو ساڵێک ئەم ڕۆژە بەبیردەهێندرێتەوە، ئەو یاریگایەی کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویدا ئێستا یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئادارە.

 

"ئەوە ڕوون بوو کە هێرشەکە پلانی بۆ دانراوە"

نەفیە ئەسەد، یەکێکە لە شایەتحاڵەکانی ڕاپەڕینەکەی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤، بەم وشانە دەستی بەقسەکانی کرد و وتی: "لە ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ لە یاریگای شەهیدان یاری تۆپی پێ لەنێوان تیمێکی کورد و عەرەب لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەبوو، کاتێک کورد چوونە ناو یاریگای تۆپی پێ ڕێگریان لێدەکرا، بەڵام کاتێک ئەوانەی دیرەزۆر تێدەپەڕین هیچ کێشەیەک نەبوو، ڕوون بوو ئەمە ئاژاوەگێڕیی دەوڵەت بوو و چەندین بریکار و سەربازی دەوڵەتی سوریا لەنێو ئەو گروپانەدا بوون و ئەم شەڕە سەریهەڵدا، ئێمە لە ڕابردوودا هاوڕێ و برا بووین، هەرگیز شەڕی ناوخۆمان نەویستووە، هەموومان منداڵی یەک وڵاتین، بەڵام هەموو شتێک پلان بۆ داڕێژرابوو، کاتێک هێرشیان کردە سەر کوردان، بە چەقۆو بەرد هێرشیان کرد.

 

"ڕێگەمان پێنەدرا تەرمی شەهیدان بەخاک بسپێرین"

نەفیە ئەسەد بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە و تیشکی خستە سەر کارە دڕندانەکانی دەوڵەت، چونکە ڕێگەی نەداوە چارەسەری بریندارەکان بکرێت و شەهیدەکان بەخاک بسپێردرێت، وتیشی: لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا شەهید هەبوون، ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە چووینە گۆڕستان بۆ ئەوەی تەرمەکانمان بەخاک بسپێرین لەو کاتەدا بینیمان چۆن سەربازانی دەوڵەتی سوریا بەچەک هێرشیان کردە سەرمان و تەقەیان لێ کردین، نەیانهێشت تەرمەکانمان بەخاک بسپێرین، نەخۆشخانەکان دەورەدرابوو بۆ ئەوەی خوێن نەدەین بە بریندارەکان، بە دەستی خۆمان چارەسەری بریندارەکانمان کرد، دەیان گەنجی ئێمەیان کوشت هەروەک ڕووداوی (سینەمای عامودا) هەمان سیاسەتی جینۆسایدیان پەیڕەوکرد تا ئێستا دەڵێین بۆچی ئەم کارەیان لەگەڵ کورد کردووە؟ دەبێت یاری تۆپی پێ دوور بێت لە سیاسەت و شەڕ دەبێت ڕەوشتی یاریی هەبێت.

 

ژنان لە ڕاپەڕیندا چالاک بوون

نەفیە ئەسەد ڕایگەیاند، ژنان لە ڕووداوەکەدا تێکۆشانیان کرد و جەختیان لەسەر پاراستنی خەڵک کردووەتەوە، وتی: زۆربەی ئەو کەسانەی کە کوژران و دەستگیرکران پیاو و گەنج بوون، لەو ڕۆژانەدا کە جەنگەکە سەخت بوو ژنان دەپارێزران، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەستگیریان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا گەلی کورد ئاشتی و ئارامی هەڵبژارد و گەلی کوردمان چەک و ئامڕازی لێدانی بەرامبەر برا عەرەبەکانی بەکارنەهێنا، چونکە باش دەیانزانی ئەمە ئاژاوەگێڕی دەوڵەتە و شەڕێکی سەخت لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست دەکەن.

 

"ڕووداوەکەی ١٢ی ئادار چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە باکووری کوردستان دووبارە بووەوە"

نەفیە ئەسەد باسی لەوە کرد کە ڕووداوەکەی ١٢ی ئادار دژی یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆڕ لە باکووری کوردستان دووبارە بووەوە و وتی: لەگەڵ هاتنی ١٢ی ئاداردا بیرەوەریی بە ئازاری لەگەڵ دێت، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە لە دژی ئێمە ئەنجامدراون بەبیرمان دێتەوە، هەتا زیندوو بین ئەم کوشتارە لەبیرناکەین هەمیشە لە مێشک و دڵماندا دەژی، دوای ڕووداوەکە تا ٢٠ ڕۆژ نەمانتوانی نان بخۆین، ڕووداوەکەی ١٢ی ئادار چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە باکووری کوردستان خۆی دووبارە کردەوە، بێگومان کاتێک دوژمنی کورد یەک دەگرێت و سیاسەت و کردەوە دڕندانەکانی دژ بە کورد وەک یەک دەبێت.

 

نەفیە ئەسەد لە کۆتاییدا شەهیدانی ١٢ی ئاداری بەبیرهێنایەوە و وتی: کاتێک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دامەزرا، شەڕی ناوخۆ لەناوچوو، بە بڵاوبوونەوەی دیموکراسی و هۆشیاری یەکسانی، هەموو ڕق و کینەیەک لەناوچوو، ئێمە پێکەوە لە ژیانێکی یەکسان و ئازاددا دەژین و هەزاران شەهید لە پێکهاتە جیاوازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم وڵاتەدا هەیە، ١٢ی ئادار ئازاربەخش بوو، بەڵام بوو بە بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوا.