تەژەئا لە باکووری کوردستان دەستی بە چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم کرد

تەڤگەری ژنانی ئازاد ''تەژەئا''، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سێ شاری باکووری کوردستان دەستی بە ئەنجامدانی چالاکی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

تەژەئا لە ئێلح و مێردین و ڕحا بە ڕاگەیاندراو و ڕێپێوان بە دروشمی ''بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرەو ژیانی ئازادی بێ توندوتیژی'' دەستی بە چالاکییەکانی کرد، هەروەها لە دژی قڕکردنی ژنان و توندوتیژیی پیاوسالاری دەوڵەت بانگەوازی فراوانکردنی تێکۆشانی کرد.

 

''ئێلح''

لە ئێلح ژنان لە شەقامی هونەر کۆبوونەوە و بە دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ڕێپێوانیان ئەنجامدا،  زەینەب ئاسڵان ڕایگەیاند: کە ژنان لە مێژوودا سەرکوتکراون و لە سەرانسەری جیهان ساڵانە دەیان هەزار ژن لەلایەن سیستەمی باڵادەستی پیاوەوە دەکوژرێن.

 

هاوسەرۆکی شارەوانیی ئێلح گوڵستان سۆنوک کە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە، سیاسەتەکانی قەیومی وەک بەشێک لە "عەقڵێتی توندوتیژیی پیاسالاری دەوڵەت'' پێناسەکرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن، هەروەها "لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا پێویستە هەمووان بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵستن، قەیومیش توندوتیژییەکی پیاوسلاری دەوڵەتە، ئەو بێکارییەی لەسەر گەنجانمان سەپێنراوە، کە لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەریش توندوتیژیین، لە دژی ئەم توندوتیژییە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین."

 

''دێرک''

لە ناوچەی دێرکی پارێزگای مێردین ژنان بە پانکارت و وتنەوەی دروشمەوە ڕێپێوانیان کرد، ئەیلەم ئاماک کە ڕاگەیەندراوەکەی بەناوی تەژەئا خوێندەوە، ئاماژەی بەوەدا، کە ژنکوژی لە تورکیا لە هەڵکشاندایە و سیاسەتەکانی دەوڵەت هۆکاری توندوتیژی پیاوانن، وتی: "ئێمەی ژنان هەم بەرخۆدانی ڕابردوو و هەم هیوای داهاتوو لەم خاکەدا لە ئەستۆ دەگرین، بە ڕۆحی ٢٥ی تشرینی دووەم، بە ئیرادەوە دژی توندوتیژیی پیاوسالاری درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین، لە گۆڕەپان و شەقام و هەموو بوارەکانی ژیاندا ئامادە دەبین تا ئەو کاتەی ژیانێکی یەکسان، ئازاد و ئاشتیانە بونیات دەنێین."

 

 هەروەها سۆنگول ئۆزباخچەچی ،هاوسەرۆکی شارەوانی دێرک ،جەختی لەوە کردەوە ،کە ژنان بە تەنیا نین، دەڤریم دەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانیی مێردینیش ، ئاماژەی بەوەدا، کە ژنان بە بەرخۆدانەکانیانەوە لە هەموو بوارەکاندا ئازادی مسۆگەر دەکەن.

 

ساڵحە ئایدەنیز، هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین و نوێنەری پەرلەمانی دەم پارتی، بە هەمان شێوە جەختی لەوە کردەوە، کە بە بەرخۆدانی ژنان لە بەرامبەر سیاسەتی قەیومەکان، بێ سزا هێشتنەوەی تاوانباران و شەڕدا ژیانێکی یەکسان و ئازاد بونیات دەنین.

 

''ڕحا''

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە شاری حیلوانی ناوچەی ڕحا بەڕێوەچوو، وێنەی ژن و منداڵانێک کە بە توندوتیژی پیاوان کوژراون بەرزکرایەوە، باشاک ساری داڵ، چالاکوانی تەژەئا لە چالاکیەکەدا ڕایگەیاند: ''بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" درێژە بە تێکۆشان دەدەن و ژنان لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بۆ پاراستنی ژیان، سروشت و کۆمەڵگە، ڕێکخستنیان فراوانتر دەکەن."