تەژەئا : چارەسەری دیموکراتیک بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دێتەدی
تەژەئا داوای لە هەموو ژنان کرد بەشداریی لە ڕێپێوانی گەملیک بکەن و وتی: چارەسەری دیموکراتیک، بە مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلان، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەرە.
ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" سەبارەت بە ڕێپێوانەکەی گەملیک کە بڕیارە لە ١٩ی نیسان بەڕێوەبچێت، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو بانگەوازی لە هەموو لایەک کرد بەشداری ڕێپێوانەکە بکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ڕۆحی سەردەم دەرگاکانی ئازادیی ژنان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. بە درووشمی 'کاتی ژنە، کاتی ئازادییە' بەڕێکەوتین؛ لە دژی ئەو سیستەمە پیاوسالارییەی کە ڕەنج، جەستە و ژیان ڕەچاو ناکات، جارێکی دیکە ڕوو لە ئاشتی دەکەین. چونکە ئاشتی تەنها کۆتایی شەڕ نییە، بەڵکوو دامەزراندنی ژیانێکی یەکسان، ئازاد و دیموکراتیکە کە ئازادی ژنان بە بنەما دەگرێت.
هەروەها دەزانین دەربازبوون لە قەیرانەکان و شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کردنەوەی ڕێگەکانی چارەسەری دیموکراتیک، بە مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان مومکینە. ئازادیی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان تەنها بۆ یەک کەس نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی گرنگە بۆ هیوای گەلان و بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز کراوە لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنانی تورکیا، فێمینیستەکان و تەڤگەرەکانی ژنان و گوترا: "ئەم تێکۆشانە تەنها هی بەشێک نییە. تێکۆشانی هاوبەشی هەموو ئەو ژنانەیە کە لایەنگری ژیانێکی یەکسان و ئازادن. بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ئاشتی لە دژی شەڕ و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی؛ بانگەواز دەکەین لە هەموو ژنان لە ١٩ـی نیساندا لە گەملیک پێکەوە ڕێپێوان بکەن.