دەربارەی بە ئامانج گرتنی ژنان لە لایەن تورکیاوە سیمپۆزمێک ڕێکخرا

سیمپۆزمێک دەربارەی "بۆچی تورکیا ژنان لە شەنگال و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج" ڕێکخرا و ئامانج و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.

کارۆلین بزی

 

بەیروت- بە ناونیشانی "بۆچی تورکیا ژنان لە شەنگال و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج" بە دەستپێشخەریی "دژ بە توندوتیژی و داگیرکاری و کۆمەڵکوژی ژنان بۆ ئاسایش و ئاشتی" سیمپۆزمێکی دیجیتاڵی ڕێکخرا.

 

لە سەرەتای سیمپۆزمەکەدا پارێزەر، ئاینور پاشا باسی لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: ئێمە چووینە ناو ١٢یەمین ساڵی شۆڕشی سوریا کە لە لایەکەوە وێرانکارییەکی زۆری هێنا و لە لایەکی دیکەشەوە گۆڕانکاری گەورەی بەسەر کۆمەڵگە و ئەو چەمکانە هێنایە کایەوە کە تێیدا زاڵ بوو، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەوڵماندا ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمەکانماندا بپارێزین بە پێچەوانەی ناوچەکانی تر کە لەناوچوون، بە یەکگرتنی پێکهاتەکان و ئەو گەلانەی لە ناوچەکەدا دەژین، بە کورد، عەرەب، سریانی، چەرکەسی، ئەرمەنەکان و پێکهاتەکانی تر و یەکخستنی ئیرادەیان بە ڕاگەیاندنی ئیدارەیەک کە نوێنەرایەتیان دەکات و زامنکردنی هەموو مافەکانی پێکهاتەکان و چەسپاندنی دیموکراسی و یەکسانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، ژنان یەکێک بوون لە دیارترین بەشداربووانی دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری ئێمە داوای مسۆگەرکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنانمان کرد.

 

ئاینور پاشا تیشکی خستەسەر دەستکەوتەکانی ژنان و وتیشی: قبووڵکردنی چەمکی هاوسەرۆکایەتی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هەموو دامەزراوەکانی و جێبەجێکردنی بنەمای یەکسانی جێندەری بۆ ئەوەی ٥٠٪ی ژنان لە هەموو دەزگا و کۆبوونەوەکانی یاسادانان و دادوەری و ئیداری جێبگرن هەنگاوی گەورە بوو، ژنان بەشدارییان لە دامەزراندنی سیاسەتی گشتی، دیبلۆماسی، دادوەری، کۆمەڵایەتی و ئابوری کرد، یەکێک لە گرنگترین ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بە هێز و ئیرادەی خۆیان بە دەستیانهێناوە دامەزراندنی هێزی سەربازیە بۆ ژنان و یەکینەکانی پاراستنی ژنان و پاراستنی ئازادی و کەرامەتی ژنان و پاراستنیان لە هەر هێرشێکە.

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە"

ئەینور پاشا ئاماژەی بەوەشکرد کە دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بووەتە هۆی ترس بۆ هێزە داگیرکەر و دواکەوتووەکان و وتی: ئەو شۆڕشەی کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەیانبرد، کاریگەری لەسەر ژنان دروستکردووە، دەوڵەتی تورکیا بە سەپاندنی بیرۆکەیەکی دواکەوتووانە کە ژنان کەم دەکاتەوە، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەی لاواز کردووە و دەستی کردووە بە لەناوبردنی ئەوەی کە ژنان بە تێکۆشانیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بەدەستیانهێناوە، دوای ئەوەی تورکیا مەشقی بە چەتەکانی داعش کرد، پەڕینەوەیان بۆ ناو سوریا بە گشتی و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەتی ئاسانکاری بۆ سەرهەڵدانەوەی خەلافەتی عوسمانی کرد بە چەمکێکی نوێ بۆ تاڵانکردنی سامانی ناوچەکە، کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان دادەنرێت، هەموو تاوانەکانی داگیرکاری تورکیا بۆ شکاندنی ئیرادەی ژنان و تۆڵەسەندنەوەی شکستی ئەو چەتانەیە کە تورکیا پشتیوانی کردوون.

 

"ئەو ئامانجە دڕندانەیە دڕندەیی تورکیا نیشان دەدات"

ڕۆکسان محەمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەموو ئەو ژنە شەهیدانەی بەبیرهێنایەوە کە لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیادا کرانە ئامانج و وتی: ئەو ئامانجە دڕندانەیە دڕندایەتی تورکیا نیشان دەدات، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش ئێمە شاهیدی پرۆژەیەکی دیموکراتیکین کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت و ڕێگەی داوە گەل خۆی بەڕێوەببات و دەستکەوت بۆ سروشت و ئایدیا و ڕێکخستنی ژنان بەدەستبهێنێت، ئێستا ژنان لە شوێنی بڕیارداندا دەبینین و یاسای تایبەتیان هەیە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا پرۆژەی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتیی ژنان وەک بەربەستێک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دەبینێت، هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم تازە نییە و دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای شۆڕش.

 

"بۆ پاراستنی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا"

ڕۆکسان محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بنەماکانی پاراستنی بنەڕەتی بریتی بوو لە دروستکردنی ژنێکی ئازاد و ڕێکخراو بە ئیرادەیەک کە بتوانێت عەقڵییەتی دواکەوتوو بگۆڕێت و ڕێ لە کۆمەڵکوژییەکانی دژ بە خۆی و کۆمەڵگەکەی بگرێت، لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە سەرەڕای نەبوونی پێویستییەکان، ئێمە گرنگیمان بە ڕۆشنبیری و پەروەردە داوە و لە دژی عەقڵییەتی دواکەوتوویی تێکۆشانمان کردووە و ڕەتمان کردەوە کە بکەوێتە ژێر ئەو ڕاستییەی بەسەرماندا سەپێنراوە، ئازادی ئاسان نییە و تەنها پشت بە بەشداری سەربازی نابەستێت، پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگەدا بەشداری بکەن و خەبات بۆ بەهێزکردنی شۆڕشی کۆمەڵگە زیاتر بکەن، داوا لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەجەنگن دژی سیاسەتی سەرمایەداری، لە دژی پرۆژە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکەدا بوەستنەوە، داوا لە هەموو ژنانی ئازاد و تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەکەم کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن و شۆڕشی ژنان بپارێزن، پشتیوانی لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان بکەن و دژایەتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بکەن.

 

"وەک ژنانی ئێزدی دەستدرێژی دەکرێتە سەر مافەکانمان"

شەمی ڕەمۆ، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازادی ئێزدی لە شەنگال، باسی لە ڕاستی ئەو ژنە ئێزدییانە کرد کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە توندوتیژی و زۆردارییان بەرامبەر کراوە و وتی: لە شەنگال ئازارێکی زۆرمان بینیوە، چەتەکانی داعش سەرەتا ژنانی ئێزدییان کردە ئامانج، دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە شەنگال تۆپباران دەکات و هێرش دەکاتە سەرمان دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر چی لە ئێمە دەوێت؟ ئێمە وەک ژنانی ئێزدی و عێراقی داوای مافی خۆمان دەکەین، ئێمە داوا دەکەین کە ژنانی ئێزدی مافی ئەوەیان هەبێت وەک ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا بژین، ئێمە مافی ئەو ژنانەمان دەوێت کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە فرۆشراون، ئێمە وەک مرۆڤ مافی خۆمانمان دەوێت ئێمە لەژێر ئاڵای عێراقدا تووشی ئازاری زۆر بووین، مافەکانمان پێ ببەخشین، قبوڵمان بکەن بۆچی وەک ژنانی ئێزدی دەستدرێژی دەکرێتە سەر مافەکانمان؟ داواکارین چارەنووسی ئێزدییە ونبووەکان بزانرێت، بۆچی ڕێز لە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی ئێزدی ناگیرێت؟.