توێژینەوەیەک لەبارەی کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە بڵاوکرایەوە

توێژینەوەیەک لەبارەی "کوشتن بە بیانووی شەرەف" بڵاوکرایەوە، هاوکات پانێڵێکیش ئەنجامدرا، لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەشدا دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆری کوشتنی بە بیانووی شەرەف لە دەرئەنجامی فشاری کۆمەڵایەتییە، لەبەر ئەوە دەبێت پڕۆسەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا زیادبکرێت.

توێژینەوەیەک لەبارەی "کوشتن بە بیانووی شەرەف" بڵاوکرایەوە، هاوکات پانێڵێکیش ئەنجامدرا، لە دەرئەنجامی توێژینەوەکەشدا دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆری کوشتنی بە بیانووی شەرەف لە دەرئەنجامی فشاری کۆمەڵایەتییە، لەبەر ئەوە دەبێت پڕۆسەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا زیادبکرێت.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە ئوتێل رامادای شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی "توندوتیژی و کوشتن بە بیانووی شەرەف لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا" ئەنجامدرا، هاوکات پانێڵێکیش سازکرا، کە لەلایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت ئامادەکرابوو.

 

لە پانێڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکان و کەسانی شارەزا و داکۆکیکار لە مافی ژنان، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یاساناسان و چالاکوانانی تایبەت بە پرسەکانی ژنان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بەشداربوون.

 

لە سەرەتای پانێڵەکەدا د.ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە تەنها ئەو ژنەی لە ساتی پێش کوستنیدایە تێدەگات لەوەی کە لەلایەن نزیکترین کەسەکانیەوە دەکوژرێت هەستی چۆنە، هۆکاری بەردەوامی حاڵەتەکانی کوشتن بە پاساوی شەرەفیشی گەڕاندەوە بۆ بەردەوامی دابونەریت، کە هەمیشە درێژەیان پێدەدرێت و نوێدەکرێنەوە بەڵام بە هەمان ئەقڵیەت.

 

لە کۆتایشدا بە ئەرکی دادوە، لێکۆڵەر و پۆلیسی زانی بە جدی کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن، "پەراوێزخراوترین بەڕێوەبەرایەتی لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانە، حزبەکانیش بەردەوام بەڕێگای سیاسی و لەناو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا داڵدەی بکوژان دەدەن، تەنها لە ٢٥ تشرینی دووەم و ٨ی مارسدا بیری دۆزەکانی ژنیای دەکەوێتەوە".

دواتر سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی لە وتارێکدا چەند پێشنیارێکی خستەڕوو، لەوانە هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، پڕۆژەیەکی فرەلایەن و چالاکی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەنێوان ڕێکخراوەکان و بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بکوژانی ژن وەک نمونەیەکی ناشرین دیاربکرێن، فیلم و چیرۆکی تایبەت دروستبکرێت، هەول بۆ گۆرینی ئەو دیدە لە کۆمەڵگەدا کە دەڵێت "ژن خۆی تاوانبارە و خۆی بیانوو بە پیاو دەدات بۆ کوشتن" بدرێت و قەدەغەکردنی سوڵحی عەشایەری کە لەسەر حسابی خوێنی ژنە.

 

دواتر پانێڵکە دەستیپێکرد، کە هەر لە چوارچێوەی کوشتنی ژنان بە پاساوی شەرەفدایە، تێیدا هانا شوان وەک پێشکەشکار، لوقمان سیوەیلی وەک ڕاوێژکاری توێژینەوەکە، د.سۆزان عوسمان مامۆستای کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی، لاسک ئەرسەلان بایز بەڕێوەبەری سەنتەری یەکسانی جێندەری لە زانکۆ سلێمانی، دڵپاک تاهیر بەڕێوەبەری سەنتەری یەکسانی جێندەری لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی بەشداربوون.

 

هانا شوان، یەکێک لە ئەندامانی توێژینەوەکە لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت بە نوژنهای ڕاگەیاند، لە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیەدا دەردەکەوێت کە هۆکاری کوشتنی ژنان بەهۆی فشاری کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی کوشتن بووە، ئەمە دەریدەخات کە فشارە نەرێنییەکان کاریگەری زۆریان هەیە، لە کۆتایشدا بۆ چارەسەر ١٢ ڕاپرسییان خستووەتەڕوو.

 

د.سۆزان عوسمان، مامۆستای کۆلێژی یاسا لە زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەو توێژینەوەیە گرنگی زۆری هەیە چونکە توێژینەوەیەکی زانستی مەیدانی بووە، هەروەها ئەوەی گرنگە لە راسپاردەکاندا داوای کردووە لەو شوێنانەی وتەی گەواهیدەر وەردەگیرێت دواتر ژیانی گەواهیدەرەکە بپارێزرێت.

 

توێژینەوەکە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ ڕاگەیەندرا، توێژینەوەیەکی زانستی مەیدانییە، د.لوقمان سیوەیلی کاری نوسین و ڕاوێژکاری توێژینەوەکە بووە، بە میتۆدی چۆنیەتی وەگیراوە، ١٢ ئەندام بەشداربوون لە ئامادەکردنیدا و ماوەی ساڵێک بەردەوام بووە، بە شێوازی چاوپێکەوتن ٤٠ کەس لە ژنانی ڕزگاربوو و پیاوانی بکوژی ژنان، لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەشداربوون و  لە کۆتایشدا ١٢ ڕاسپاردە خراوەتەڕوو، بۆ نەهێشتنی حاڵەتەکانی کوشتن بە بیانووی شەرەف لە هەرێمی کوردستان.

 

ت.پ