تورکیا ئەو پەرستارەی لە کار دوورخستەوە کە کەزی هۆنیبووەوە
ئیکرا ئاڤجی، ئەو پەرستارەی لە شاری کۆجالی تورکیا وەک هاوسۆزییەک بۆ شکۆی ژنێکی شەڕڤانی کورد قژی هۆنیبووەوە، لەلایەن دامەزراوەکەیەوە بە یەکجاری لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئیکرا ئاڤجی، ئەو پەرستارەی لە شاری کۆجالی تورکیا وەک هاوسۆزییەک بۆ شکۆی ژنێکی شەڕڤانی کورد قژی هۆنیبووەوە، لەلایەن دامەزراوەکەیەوە بە یەکجاری لە کارەکەی دوورخراوەتەوە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە دادگا لە تۆمەتی "بانگەشەی تیرۆر" پاککرایەوە، بەڵام سزای ئیداریی بەسەردا سەپێندرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆجالی لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی و ئیدارییان بەرامبەر پەرستارەکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە دەستپێکرد،کارەکەی پەرستارەکەیان بە پێچەوانەی یاسای فەرمانبەرانی گشتی و بنەماکانی ئیتیکی پیشەیی پێناسەکردو سەرەڕای بڕیاری بێتاوانیی دادگا لە ٢١ـی ئایار، بڕیاری کۆتاییان بۆ دەرکردنی ناوبراو لە کارەکەی لە ١٩ـی ئاب جێبەجێ کرد.
تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە هەڵمەتێکی فراوانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستپێکردووەو جەختیان لەوەکردوە، دوورخستنەوەی ئیکرا ئاڤجی ڕەوایەتیدانە بە توندوتیژی دژی ژنان و داوای گەڕاندنەوەی دەستبەجێی دەکەن بۆ سەر کارەکەی، چونکە بڕیارەکەی دادگا بێتاوانیی ئەو پەرستارەی سەلماندووە.