تورکیا بۆردومانی شارباژێر و پێنجوێنی کرد و حکومەتیش بێدەنگە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەمان کاتدا بۆردومانی ناوچەی شارباژێر و پێنجوێنیان کرد و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت پێویستە پەرلەمانی کوردستان دانیشتن لەسەر سنور بەزاندنەکانی تورکیا بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کاتژمێرت ٦:٠٠ بۆ ٦:٥٠ خولەک دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی هەردوو ناوچەی سنوری شارباژێر و شارۆچکەی پێنجوێنیان کرد و هێرشەکان بە قوڵایی ٢٠٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی بۆردومانەکەی گرتە ئەستۆ و تا ئێستا حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان لە بارەیەوە نەبووە.

 

٨ گوندی ئاوەدانی پێنجوێن کراوەتە ئامانج

لە شارۆچکەی پێنجوێن فرۆکە جەنگییەکان بۆردومانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک گوندی کانی میران و وریاوا و نزیکەی ٨ گوندی کردووە و زیانی زۆر بە جوتیاران گەشتووە و ماوەی بۆردومانەکەش ٣٠ خولەکی خایاندووە، زانا ڕەحمان، قائیمقامی شارۆچکەی پێنجوێن، رایگەیاند: هەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەم فڕۆکەی جەنگییش لە هێرشەکەدا بەکارهاتووە، ئێستا وەرزی کشوکاڵکردنە و خەڵکێکی زۆرمان لە دەرەوەیە بە شەو و بەڕۆژ، ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو خەڵکدا دروستکردووە.

لە ناوچەی شارباژێر باخی هاوڵاتی مەدەنیی کراوەتە ئامانج

هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێرەکانی ٦:٠٠ بۆ ٦:٥٠ خولەک، لە گوندی شێخل مارێنی شارباژێر، فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا باخی سێ ماڵی مەدەنییان کردە ئامانج و زیانی ماددی زۆریان بە دانیشتوانی گوندەکە گەیاند، دانیشتوانی گوندەکەش ئاماژەیان بەوەداوە لە بەرەبەیانییەکی زوودا دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی کردووە کە هیچ کەسێک لە گوندەکەدا نەبووە، هەتا چەند کاتژمێر دواتریش فڕۆکەی بێ فرۆکەوان بەسەر ئاسمانی شارەدێی زەلان لە شارباژێردا سوڕاوەتەوە.

 

شیرین ئەمین بێدەنگی حکومەت لە بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا لە قەڵەم دەدات

شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە بۆردومانكردنی سنوری هەرێمی كوردستان بەهەر بیانویەك بێت مایەی قبوڵ نییە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "پێویستە حكومەتی هەرێم بە زووترین كات بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا بكات و ڕێکاری خۆیانی لەگەڵ بگرنەبەر، بێدەنگ بوونی حكومەتی هەرێم بە مانای چاوساغی كردنیان دێت بۆ بۆردومانكردنی سنوری هەرێمی كوردستان"، ئەو پەرلەمانتارە داوای دانیشتنی پەرلەمانیش دەکات لەسەر پرسی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، "پێویستە بە زووترین كات پەرلەمانی كوردستانیش كۆبوونەوەی نا ئاسایی رێكبخات سەبارەت بەو پرسە".

 

جێی ئاماژەیە ماوەی هەفتەیەکە دەوڵەتی تورکیا هێرشی بۆسەر کوردستان دەستپێکردووە لە ١٦ و ١٧ی ئابدا دووجار هێرشکراوەتە سەر شەنگال و چەندین کەس بەهۆیەوە شەهید و برینداربوون، هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هێرشەکانی بۆ سەر شارۆچکەی تل تەمر و زرگان و عەین عیسا دەستپێکردووە و بانگەشەی چۆڵکردنی ناوچەکە دەکات.

 

ت.پ