تونس سزای قورس بەسەر ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکواناندا دەسەپێنێت
لە تونس چالاکانی مافی ژنان ڕایانگەیاندووە کە ژنان بەهۆی بۆچوونی سیاسی و خەباتی کۆمەڵایەتییەوە دەستگیر دەکرێن، و ئەو سزایانەی بەسەر ئەو ژنانەدا سەپێنراوە ناڕەوا و ئارەزوومەندانە بوون، و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارانە پێویستیان بە پێچەوانەکردنەوە هەیە

نەزیهە بوسعیدی
تونس- دادگایەک لە تونس لەم دواییانەدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چەند ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک دەرکرد، لەوانە پارێزەر و ڕۆژنامەنووس سۆنیا دەهمانی و ڕۆژنامەنووس شاتها موبارەک، چالاکوانانی مافەکان ئەو حوکمەیان بە 'ناڕەوا' وەسف کردووە و دەڵێن هیچ تۆمەتێکی تاوانکاری ڕوون لە دژی ئەوان نییە و ئەو کەسانە تەنیا بەرپرسیارێتی پیشەیی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
داکۆکیکاران و چالاکوانانی مافی ژنانی تونس، داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو بەبێ دادگاییکردن دەکەن، ئەو چالاکوانانە ڕایانگەیاندووە کە هیچ بەڵگەیەکی پێویست لە فایلەکانیاندا نییە بۆ ئەوەی تۆمەتباریان بکرێن، پارێزەر حەیات جەزار لە کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس وتی: ئەم بڕیارانەی دەسەڵاتی دادوەری تونس بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکواناندا سەپاندویەتی ناڕەوایە، ئەم بڕیارە هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین و مافی بەشداریکردن لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا، ئەم بڕیارە تەنها هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی ئەو ژنانەی کە بۆچوونەکانیان دەردەبڕن.
پارێزەر سۆنیا دەهمانی بە تۆمەتی لێدوانی سەبارەت بە ڕەگەزپەرستی، سزای یەک ساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام لە تونس یاسایەک هەیە کە ڕەگەزپەرستی قەدەغە دەکات، بەڵام ڕەچاوی ناکرێ، هەروەها ڕۆژنامەنووس شاتها موبارەک لە چوارچێوەی 'دۆسیەی ئینستاڵینگۆ'دا سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام هاوکارەکانی دەڵێن هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئاماژە بەوە بکات کە ئەو کچە تاوانێکی ئەنجامداوە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی تونس ڕایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو لێدوانانەی سۆنیا دەهمانی سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ژنە زیندانییەکان کردووە و ڕەوانەی دادگای باڵای تاوانەکانی کردووە، بەڵام دادگا ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیاری ژمارە ٥٤ کە لە تونس کاری پێدەکرێت، و نەک تەنها ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی ڕۆژنامەگەری دەگرێتەوە، بەڵکو بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا و بلۆگەرەکانیش دەگرێتەوە.
“هەرگیز لە تونس نادادپەروەرییەکی وامان نەبینیوە”
ڕەجا دەهمانی، پێشەنگی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس ڕایگەیاند کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە نیگەرانییەوە پەیڕەوی لەم بڕیارانەی دەستگیرکردن دەکەن و وتی: لە مێژووی تونسدا هیچ کاتێک سزای وەها تووند دەرنەچووە، ئەم بڕیارە نوێنەرایەتی پاشەکشەیەکی گەورە دەکات بۆ سیستەمی یاسایی، تەنها لە ڕژێمە تۆتالیتارییەکاندا دەتوانین نادادپەروەرییەکی گەورەی وا ببینین.
ڕەجا دەهمانی ئاماژەی بەوەدا کە سۆنیا دەهمانی بە پاساوی یاسایەک کە هەڵوەشاوەتەوە، دادگایی کراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی دەستبەسەرکردنی سۆنیا بە شێوەیەکی نایاسایی درێژکراوەتەوە و ڕایگەیاند کە ژنە زیندانییە چالاکوانەکان لە دۆخێکی خراپی زینداندا دەژین و خێزانەکانیان بەهۆی ئەم دۆخەوە زیانێکی زۆریان پێدەگات و وتیشی: ئەم ژنانە نەک هەر وەک تاوانباری بیرکردنەوە دادگایی دەکرێن، بەڵکو لەگەڵ خێزانەکانیان و کەسانی دەوروبەریان سزا دەدرێن، هەرگیز ناتوانین ئەو جۆرە بێ یاساییە لە تونس پەسەند بکەین.
کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس داوای لە دەسەڵاتداران کرد کە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەستەبەر بکەن و ئازادی ڕادەربڕین بپارێزن.
بانگەوازێک لە چالاکوانانی ژنەوە بۆ 'بەرەی پاراستنی ژنان
نایلا زوغلامی کۆمەڵناس ڕایگەیاند کە نەک هەر ڕۆژنامەنووس بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی خاوەن ڕوانگەی سیاسی جیاواز لە تونس زیندانی کراون و وتی: تا ئەمڕۆش لە تونس ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مافی ژنان و سیاسەتمەداران و سەرکردەی حزبەکان لە یەک خانەدا ڕانەگیراون و بە هەمان تۆمەت دادگایی نەکراون، بەڵام ئەمڕۆ هەمووان بە هەمان هۆکار سزا دەدرێن، ئەم دۆسیانە خاڵین لە پرۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پێشێلکردنی ڕێکارە پێویستەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئازادیەکانی گەلی تونس، مافە بنەڕەتییەکانی وەک دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و میدیایەکی بێلایەن، لە مەترسیدان، بەبێ دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و چاپەمەنییەکی ئازاد ناتوانین درێژە بە دیموکراسی بدەین، هەر بۆیە پێویستە بەرەی پاراستنی ژنان لە لایەن چالاکوانانی مافی ژنانەوە پێکبهێنرێت.
نایلا زوغلامی ڕایگەیاند، لە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢١ەوە خەبات بۆ مافەکانی ژنان لە تونس تادێت قورستر بووە، لەم ماوەیەدا چالاکوانانی ژنان لە ژێر ناوی داینامیکی مافی ژنان دەستیان بە گردبوونەوەیەک کردووە و ٩ ڕێکخراوی ژنانیش لە ژێر چەتری ئەو ڕێکخراوەدا کۆبوونەتەوە، ئەم بزووتنەوەیە دواتر بوو بە بەرەی یەکسانی و ماف و ئازادیەکان و پەرەی سەند و بوو بە پلاتفۆرمێکی فراوانتر کە بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکات.
نایلا زوغلامی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بەرەیە بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانەی زیندانیانی ژن سەرکەوتوو دەبێت و ئەم بانگەوازەی خوارەوەی کرد: ئەم بەرەیە نەک تەنها بۆ ئازادکردنی زیندانیانی ژن، بەڵکو بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە کایەی گشتیدا دادەمەزرێت، پێویستە مافی ڕادەربڕینی ئازادی ژنان بپارێزین، ئەگەر ئێمە نەیانپارێزین، فشار لەسەر ژنان لە کۆمەڵگەدا زیاتر دەبێت.
خەبات بۆ مافەکانی ژنان بەردەوامە
لە تونس چالاکوانانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوامن لە خەباتی خۆیان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ژنان، کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس ڕایدەگەیەنێت کە پێویستە شەفافیەت لە دادگاکاندا مسۆگەر بکرێت و دڵنیابن لەوەی دادگاییکردنەکان بەپێی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچن، ئەمەش لە بەرامبەر سزای نایاسایی ژنان.
چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو سیاسەت و فشارانەی کە بەشداری ژنان لە ژینگەی گشتیدا قورس دەکەن، هەڕەشەن بۆ سەر بەها دیموکراسیەکان، پێویستە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی پاڵپشتی ئەم خەباتە بکرێت، چالاکوانانی مافی ژنان داوا لە حکومەتی تونس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ زیندانیانی ژن.