"توندوتیژی و ئایدیۆلۆژیای ئایینی لە سووریا هەڕەشەن بۆ سەر ماف و بوونی ژنان"

لە چوارچێوەی هەڵمەتی ٢٥ی تشرینی دووەمدا، گوڵستان گوڵۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی توندوتیژی و هەڕەشەکانی ئایدۆلۆژیای ئایینی بۆ سەر ماف و بوونی ژنان لە سووریا و ڕایگەیاند، کە خەباتیان بەردەوام دەبێت.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ- ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی توندوتیژی دژ بە ژنانە، بێگومان، ئەم ڕۆژە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی توندوتیژیی دژ بە ژنان و ڕۆشناییخستنە سەر دەرئەنجامەکانی لەسەر ژیانی ژنان و کۆمەڵگە، هەموو ساڵێک دەرفەتێکی نوێیە، سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی لە بواری پاراستنی مافەکانی ژناندا نراون، توندوتیژی هێشتا بە شێوازی جیاواز بەردەوامە و ئەمەش پێویستیی بەهێزکردنی تێکۆشان، زیادکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگەیی و مسۆگەرکردنی ماف و ئازادیی ژنان دەردەخات.

 

لەم چوارچێوەیەدا، پلاتفۆرمی چالاکیی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژئاوا، بە ڕاگەیاندراوێک دەستپێکردنی هەڵمەتەکەیان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی تێکۆشان دژی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕایگەیاند، پلاتفۆرمەکە دیاری کرد، کە هەڵمەتەکە لە ٨ی تشرینی دووەم دەستپێدەکات و تاوەکو ٢٥ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت و لەم چوارچێوەیەدا چەندین چالاکی و بەرنامە بەڕێوە دەچن.

 

"بوون و سیستمی ژنان کەوتنە بەر مەترسییە جدییەکان"

گوڵستان گوڵۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ڕای خۆی لەسەر توندوتیژیی دژ بە ژنان و گرنگیی تێکۆشان دژی، هاوبەش کرد.

 

گوڵستان گوڵۆ لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی خستە سەر دۆخی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە ڕۆژئاوا، وتی: ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ، بە پێشەنگایەتیی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕاگەیاندراوێک بە سێ زمان درا و هەڵمەتی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕاگەیاندرا، لە ساڵی ٢٠٢٦دا ڕێژەی توندوتیژی لە ڕۆژئاوا گەیشتە ئاستێکی بەرز، ئەو شەڕ و کۆچبەریانەی لە ناوچەکەدا ڕوویاندا، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی ژنان هەبوو و ئازار و مەینەتییەکی زۆری لێکەوتەوە، لە ئەنجامدا بوون و سیستمی ژنان کەوتە بەر هەڕەشەی جدی.

 

"ئێمە وەک تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لەم دۆخە ڕازی نیەین"

گوڵستان گوڵۆ ئاماژەی بەوەدا، کە گۆڕانکارییە سیاسییەکان و بەڕێوبەرییە نوێیەکەی سووریاش بووەتە هۆی زیادبوونی هەڕەشەکان بۆ سەر مافەکانی ژنان ووتی: ئەمساڵ سووریا چووەتە قۆناغێکی نوێ، بەڵام ئەم قۆناغە بەرەو سیستەمێکی ئایینی دەڕوات کە ژنان لە چوارچێوەیەکی لاوازدا بهێڵێتەوە و توندوتیژی بەرامبەریان زیاد بکات، ئێمەش وەک تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان، لەم دۆخە ڕازی نین، حکومەتی کاتی سووریا بە بیرکردنەوەی ئایینی بەڕێوبەری دەکات و لە ئێستادا بڕیار لەبارەی ژنانەوە دەدات.

 

"ئەم ڕێبازە مەترسی گەورە لەسەر بوون و مافەکانی ژنان دروست دەکات"

گوڵستان گوڵۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە گرنگی پاراستنی بوون و مافەکانی ژنان لە پرۆسەی بونیادنانی سووریایەکی نوێدا کردەوە، خەباتەکەیان بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت وتی: ئەو نموونەی دەسەڵاتی ئێستا هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدات، ژنان لە وێنەیەکی کۆنەپەرستانەدا کورتدەکاتەوە کە بێدەسەڵات و بێ ناسنامە و دەسەڵاتی بڕیاردانە، ئەم ڕەوتە نوێنەرایەتی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەکات بۆ سەر بوونی ژنان و دەستکەوتەکانیان، هەربۆیە ئێمە بڕیارمانداوە شەڕێکی ناوازەی ماف و خەبات ئەنجام بدەین تا ئەو کاتەی دامەزراندنی تەواو و پاراستنی دەستووری مافەکانی ژنان بە شێوەیەکی ڕەها مسۆگەر دەکەین.