تولای حاتیمۆغولاری: پێویستە گوێ لە داواکاری ملیۆن کەسی ئاهەنگەکانی نەورۆز بگیرێت
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ڕایگەیاند، ملیۆنان کەس لە ئاهەنگەکانی نەورۆز خاوەندارییان لە ئاشتیی کرد و داوایان کرد بەڕێز ئۆجالان بە جەستەیی ئازاد ببێت، پێویستە گوێیان لێ بگیرێت.

ناوەندی هەواڵ
تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا هەڵسەنگاندنی بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆز و پێشهاتەکانی تورکیا و کۆدەتای سیاسیی کرد.
تولای حاتیمۆغولاری سەرنجی خستەسەر ئاهەنگەکانی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و ڕایگەیاند، ملیۆنان کەس لە گۆڕەپانەکانی نەورۆزدا وتیان ئاشتیی، دیموکراستیی و دادپەروەریی و خاوەندارییان لە ئاشتیی کرد، گەنجان بوونە دەنگی ژیانێکی دیموکراتیک، ژنان بە هەمەڕەنگی خۆیان گۆڕەپانەکانی نەورۆزیان ڕازاندەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ملیۆنان کەس داوایان کرد بەڕێز ئۆجالان بە جەستەیی ئازاد ببێت هەلومەرجی خەباتی ئازادێک بڕەخسێندرێت، پێویستە گوێ لە داواکارییەکانی گەل بگیردرێت و هەنگاو بنرێت.