تولای حاتەم ئۆغولاری: ئەگەر لە تورکیا ئاشتی بونیاد بنێین تورکیا دیموکراتیک دەبێت
تولای حاتەم ئۆغولاری،هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی ژناندا لە قەرس قسەی کرد و وتیی: ئەگەر لە تورکیا ئاشتی بونیاد بنێین، تورکیا دیموکراتیک دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی لە قەرس، بە ناونیشانی "دیداری ژنان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە هۆتێلێکی قەرس کۆبوونەوە.
تولای حاتەم ئۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی و گولدەرەن ڤارلی، پەرلەمانتاری وان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆرێک لە ژنان بەشدارییان لە دیدارەکەدا کرد. تولای حاتەم ئۆغوللاری لە کۆبوونەوەکەدا قسەی کردو ئاماژەی بەوە کرد کە لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاشتی و پێکەوەژیان پێویستییەکی گرنگە و وتی: ئەوانەی بە جیاوازییەکانیانەوە دەزانن پێکەوە بژین، لە هەمووان باشتر دەزانن کە بانگەوازی ئاشتی بە مانای چی دێت. ئێمە گرنگییەکی زۆر دەدەین بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، نەک تەنها بۆ تورکیا، بەڵکوو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدان ساڵە بەهۆی شەڕەوە خوێنی لێ دەچۆڕێت. فەڵەستین، لوبنان، عێراق، ئێران، ئەفغانستان، کوردستان، تورکیا و ..هتد، هەموویان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە دەناڵێنن. هێزە ئیمپریالیستەکان بە دژایەتیکردنی گەل و باوەڕییەکان، درێژە بە سیاسەتە نوێیەکانی داگیرکارییان دەدەن. گەورەترین هۆکاری ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک فراوان بکەین ئەوەیە کە بنیادنانی ئاشتی لە تورکیا، مەرجە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەهێزکردنی خوشک-برایەتیی نێوان گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
تولای باسی لە پرۆسەی دیموکراتیزەبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر هیواکانی کۆمەڵگە کرد و وتی: بەڕێز باخچەلی بانگەوازێکی کرد، واتە هەوڵێکی دا. دواتر لە ٢٧ـی شوباتی ساڵی ڕابردوو، بەڕێز ئۆجالان بانگەوازێکی مێژوویی سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد و بە دیموکراتیزەبوونی تورکیا کرد. بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، پاشان کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان دامەزرا. کۆمیسیۆن کارەکانی تەواو کرد و ڕاپۆرتێکی پێشکەش بە پەرلەمان کرد. هەموو تورکیا چاوەڕوانی هەنگاوی یاسایی و کۆنکرێتی بوو، بەڵام لە پرۆسەکەدا هەندێک بنبەستی هەبوو، ئەمە ڕاستە. وەک ژنان هەوڵی تایبەت دەدەین بۆ تێپەڕاندنی ئەو بنبەستانە. لەگەڵ درێژبوونەوەی پرۆسەکەدا متمانەی گەلیش بە دەرئەنجامێکی ئەرێنی لاواز دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانییدا تولای حاتەم ئۆغولاری وتی: سڵاو بۆ دایکانی ئاشتی دەنێرم، کە سەرەڕای هەموو ئازار و لەدەستدانەکانیان، هەرگیز دەستیان لە ئاشتی هەڵنەگرتووە. ماوەی دوو ڕۆژە دایکانی ئاشتی لە ئەنقەرە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان کۆدەبنەوە و داوای ئاشتی دەکەن. دایکان ئەو لەچکە سپیەی کە بە دەرزیدووری دروستیان کردووە، پێشکەشی سەرۆکی پارتەکانیان کرد. درووستکردنی ئارامییەکی زۆری دەوێت، ئاشتیش وایە. ئێمەی ژنان لە ژیاندا هەموو شتێک بە وردەکارییەوە درووست دەکەین. لەو باوەڕەشدام ئاشتیش بەم وردەکارییەوە لەسەر ئەم خاکە دەنەخشێنین.
لە دوای قسەکان کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.