تەرمی شنیار هونەر لە سەیدسادق بەخاک دەسپێردرێت

پاش گیانلەدەستدانی شنیار هونەر، کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێنرا، تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییەوە بەرەو شارۆچکەی سەیدساق بەڕێکرا، لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.

سلێمانی

 

بەیانی ئەمڕۆ، شنیار هونەری ٢١ ساڵ و دایکی دوو منداڵ، کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی مانگ لە ماڵەکەی خۆیدا سوتێنرا، پاش پێنج رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی گیانی لەدەستدا.

 

هەر ئەمڕۆ تەرمی شنیار هونەر بەرەو شارۆچکەی سەیدسادق بەڕێکرا و بڕیارە لەوێ بەخاک بسپێردرێت.

 

لە بەردەم پزیشکی دادی سلێمانی ئاودێرعەلی، پارێزەری شنیار هونەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامی هەیە، تۆمەتباری سەرەکی دەستگیرکراوە، "بەڵگەی وردمان لەسەر کەیسەکە هەیە و لە ڕۆژانی دادگادا دەیانخەینە ڕوو".

 

پارێزەرەکەی شنیار هونەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، وتەی شنیار وەگیراوە و بەڵگەکان کۆکراونەتەوە، بەشێک لەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ڕاست نییە، لە چەند کاتژمێری داهاتووشدا زانیاری زیاتر لە لایەنی ئەمنیەوە بڵاودەکرێتەوە.

 

ت.پ