"تەنها لە هەولێرو دهۆک کامپی ئاوارەکان ماون"

لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و داخستنی کامپی ئاوارەکان لە پارێزگای هەولێر و دهۆک، لیژنەیەکی باڵا پێکهێندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا تەنها لە پارێزگای هەولێر و دهۆک کامپی ئاوارەکان بوونی هەیە کە هێشتا ئاوارەی تێدا نیشتەجێن، هیچ کامپێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی بوونی نەماوە، ئەوانەش دادەخرێن.

 

دەربارەی ئەو پرسەش محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی باڵای بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان و داخستنی کامپەکانی هەولێر و دهۆک پێکهێناوە، هێشتا دابەشکردنی هاوکاری دارایی بە بڕی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێک، بەسەر ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە.

 

دەربارەی پرسی گەڕانەوەی کۆچبەرانی  کامپی هۆل بۆ عێراق، ئیڤان فایەق ئاماژەی بەوەکرد، لە دوایین کارواندا و پاش ئەنجامدانی پشکنین بۆیان، ١٧٠ خێزان لە کامپی هۆڵەوە گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە عێراق.