تەندروستی ئەو زیندانییە سیاسییەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا تێکچووە

بەندکراوی کورد کەژاڵ ڕەحمانی کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنی ١٨ ڕۆژە هێنا، بەڵام داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند، کە لە ئەنجامدا باری تەندروستی تێکچووە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، کەژاڵ ڕەحمانی زیندانی سیاسی کورد کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

 

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، کەژاڵ ڕەحمانی، ٢٣ی حوزەیران، کە لە زیندانی ژنانی سنە بەڕێوەی دەبرد، لەسەر داوای خێزانەکەی کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنی ١٨ ڕۆژەی پێهێنا.

 

تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەژاڵ ڕەحمانی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستگیرکردنی و دەستگیرکردنی ئەندامانی خێزانەکەی و هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان و ئەو فشارەی کە خراوەتە سەری بۆ هەڵبەستنی تۆمەتی دژییان، دەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، کەژاڵ ڕەحمانی لە ئەنجامی مانگرتنەکەی کە ١٨ ڕۆژە، تووشی کێشەی تەندروستیی سەخت بووە، لێکۆڵەرانی وەزارەتی ئیتلاعاتیش داوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە ڕەتکردووەتەوە.

 

گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە ڕەتکرایەوە

ئاماژە بەوە کراوە، کە کەژاڵ ڕەحمانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کێشی دابەزاندووە، جوڵەی کەمیکردووە، هەروەها تووشی دابەزینی پەستانی خوێن و لەرزین لە دەستەکانی و لێدانی دڵی زۆر خاو بووە، هەروەها داواکارییەکانی پزیشکانی کلینیکی زیندانەکە بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەک بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕەتکراونەتەوە.

 

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە کەژاڵ ڕەحمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تووشی گرفتی جووڵە بووبوو، بە هاوکاری بەرپرسانی زیندان بۆ لێپرسینەوە بۆ بەشی بەڕێوەبردنی زیندانی ژنان گواسترایەوە.

 

داواکارییەکانی خێزان پشتگوێ خران

خێزانی کەژاڵ ڕەحمانی داواکارییەکیان پێشکەش بە لقی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی و شۆڕشگێڕی لە کامیاران کرد، لە ٢٠ی حوزەیران و داوای ڕوونکردنەوە و کۆبوونەوەیان کرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، داواکاری گشتی لێکۆڵەرەوە ڕایگەیاندوە، کە مانگرتنەکە کاریگەری لەسەر ئەو لێکۆڵینەوەیە نابێت کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دەدرێت و ئەگەر لە ئەنجامی مانگرتنەکەدا گیانی لەدەستبدات، تەنها بەڵگەنامەی مردنی بۆ دەردەچێت.

 

دەسەڵاتداران ڕوونیانکردەوە، کە کەژاڵ ڕەحمانی و براکەی دانیال ڕەحمانی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات" تۆمەتبارکراون و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەری پێش دادگاییکردندا ڕاگیراون. ئەو خوشک و برایە کە بە داکۆکیکردن لە دادپەروەری ناسراون، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراون.